شەڕی ئیسرائیل دژی غەززە دووڕوویی یاسا داڕێژراوە بنەما-ڕۆژئاواییەکانی ئاشکرا کرد،و لەگەڵیدا بێهێزی نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەو یاسا نێودەوڵەتیانەی نیشان دا کە دادوەرییان لەسەر ئەکات. لە واقیعدا نەتەوە یەکگرتووەکان جگە لە ئامرازێکی دەستی ئیمپریالیزم هیچی تر نییە.
جیهان بە ترس و تۆقینێکی زۆرەوە سەیری شەڕی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە ئەکات. تا ئێستا زیاتر لە ٣٠ هەزار کەس کوژراون و نیو ملیۆن کەسیش ڕووبەڕووی برسێتی بوونەتەوە، و ٢،٢ملیۆن کەسیش لە بارودۆخێکی ئەوپەڕی نەهامەتیدا ژیان ئەکەن.
لە ئێستادا ئیمپریالیستە ڕۆژئاواییەکان ململانێکان لە سەرانسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا تەشەنە پێئەدەن، و شوێنەوارەکانی مردن و وێرانکاری بە دوای خۆیاندا بەجێدێڵن.
لە ماوەی سێ مانگی ڕابردوودا کرێکاران و گەنجان لە سەرانسەری جیهان ڕێپێوانی بەرفراوانیان سازدا و داوای ئاگربەستیان کرد، بێهیوا بوون لە وەستانی بۆردومانەکان.
زۆرێک لە سەرکردەکانی بزووتنەوەی هاوپشتی فەلەستین هەموو هیواکانیان بە نەتەوە یەکگرتووەکانەوە هەڵواسی، ئومێدێک کە سەرکردەکانی جیهان بتوانن بەدەوری مێزی دانوستان کۆببنەوە و چارەسەرێکی ئاشتیانە بدۆزنەوە.
'یاسای نێو دەوڵەتیی'
سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس دۆخی غەززەی بە ‘دۆزەخی سەر زەوی’ وێناکرد. چەندین جار داوای ئاگربەستی کردووە. بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا هەموو هەوڵەکان بۆ خواستی دەرکردنی بڕیارنامەی ئاگربەست لە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان لەلایەن ئەمریکاوە ڕێگری لێئەکرێت.
بۆیە کاتێک دادگای دادی نێودەوڵەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بڕیاریدا کە لانی کەم بەڵگەکان جێی متمانەن کە ئیسرائیل جینۆساید ئەنجام ئەدات، زۆرێک لە چالاکوانان و سەرکردەکانی ناو بزووتنەوەی فەلەستین ئەمەیان وەک هەنگاوێک بە ئاراستەیەکی دروستدا زانی.
لیندسی جێرمان لە ڕێکخراوی جەنگ ڕاگرن (Stop the War (StW)) نووسیویەتی: “بڕیاری دادگا لەسەر ئەو دۆسیەیەی کە ئەفریکای باشوور وروژاندوویەتی، تۆمەتێکی بەهێز بوو بۆ ئیسرائیل و ڕایگەیاند وڵاتەکە دۆسیەیەکی بۆ ئەگەری جینۆساید هەیە کە ئەبێت وەڵام بدرێتەوە.
لیندسی پێی وابوو :جێگای نائومێدی بوو کە دادگای دادی نێودەوڵەتی داوای ئاگربەستی نەکرد، چونکە "دەسەڵاتی ئەوەی هەبوو ئەم بڕیارە دەربکات،وەک چۆن لەگەڵ ڕووسیادا بەهۆی داگیرکردنی ئۆکرانیاوە ئەم داوایەی ئاراستە کرد". بەڵام ئەو پێشوازیی لە داواکارییەکانی دادگای دادی نێودەوڵەتی لە وڵاتی ئیسرائیل کرد کە هەنگاوەکان بۆ ڕێگریکردن لە کۆمەڵکوژیی بگرێتە بەر .
بەڵام ئەزموونی ڕووسیا بە وردی ئەوەی سەلماند کە لە کاتێکدا دادگای دادی نێودەوڵەتی ئەتوانێت هەموو جۆرە داواکایەک دەربکات، بەڵام هیچ دەسەڵاتێکی بۆ جێبەجێکردنیان نییە.
لێدوانی هاوشێوەش لە کەمپەینی هاوپشتی فەلەستین (PSC)مان چاو لێبوو، کە داوای لە حکومەتی پارێزگاران کرد کە ڕێز لە دادگا بگرێت. ئەوان نووسییان: دادگای دادی نێودەوڵەتی وەک دەزگایەکی دادوەری دانپێدانراوی نێودەوڵەتی، ئەرکی لێکدانەوە و جێبەجێکردنی یاسای نێودەوڵەتی هەیە. پێویستە ڕێز لە بڕیارەکانی بگیرێت و لەلایەن هەموو دەوڵەتانەوە،بە بەریتانیاشەوە، پشتڕاست بکرێنەوە".
کەواتە لەجیاتی ئەوەی بێتوانایی ئۆرگانەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان وەک دادگای داد و ئەو ساختەکارییانەی پێی ئەوترێت ‘یاسای نێودەوڵەتی’ ئاشکرا بکەن، هەردوو ڕێکخراوی (StW) و (PSC) وەهمەکانیان لەم دامەزراوانەدا پەرەپێدا.
و تەنها چارەسەرێک کە پێشکەشی ئەکەن، بریتییە لە پێداویستی مجرد بۆ ‘فشارهێنانی نێودەوڵەتی’ زیاتر بۆ سەر ئیسرائیل تا ناچار بە ئاگربەست. و کۆتاییهێنان بە داگیرکاریی بکرێ.
بەڵام لە چەند مانگی ڕابردوودا بەڕاستی فشارە نێودەوڵەتییەکان لەسەر ئیسرائیل زیادیان کردووە. بەڵام هێشتا هیچ شتێک – بە ‘داواکارییەکانی’ دادگای نێودەوڵەتیشەوە – ڕێگرییان لە ئیسرائیل نەکردووە لە ئەنجامدانی کوشتنی بەکۆمەڵی گەلی فەلەستین.
ڕەشبینی
ئێستا ڕەشبینییەکی بەرفراوان سەبارەت بە داهاتووی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ئارادایە. ڕووداوە پشێوەکانی ئەم دواییەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ڕێکخراوەکەی بە تەواوی ئیفلیج کردووە. بەڵام قەیرانەکانی نێو نەتەوە یەکگرتووەکان زۆر پێش شەڕی غەززەش دەستیان پێکردووە.
ڕێکخراوەکە نەیتوانیوە وەڵامی ململانێکانی وەک شەڕی ئۆکرانیا، شەڕی نێوخۆی سودان، یان کودەتا یەکدوای یەکەکانی ڕۆژئاوای ئەفریکا بداتەوە. تەنانەت هێزەکانی ئاشتیپارێزی نەتەوە یەکگرتووەکان لە هاوینی ئەمساڵدا لە مالی دەرکراون.
لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ پۆدکاستی فاینانشیاڵ تایمز (The RachmanShow)، مارک مالۆک-براون، جێگری پێشووی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕایگەیاند کە کەمبوونەوەی ئۆپەراسیۆنەکانی ئاشتیپارێز لە ئەفریکا لەوپەڕی خاڵی نزمیدایە، و وا دەرئەکەوێت کە خودی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ئێستادا لە کێشەیەکی زۆر جددیدایە.
لە مانگی سێپتەمبەردا، لە کۆبوونەوەی ساڵانەی کۆبوونەوەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس هۆشداریدا لەوەی کە "شکانێکی گەورە" لە سیستەمی حوکمڕانی جیهانیدا لە ئارادایە. و ڕایگەیاند: “ناتوانین بە شێوەیەکی کاریگەر کێشەکان وەک خۆیان چارەسەر بکەین ئەگەر دامەزراوەکان ڕەنگدانەوەی جیهان وەک خۆیان نەبن. لەجیاتی چارەسەرکردنی کێشەکان، مەترسی ئەوەیان هەیە خۆیان ببنە بەشێک لە کێشەکان”.
ئەم ڕەشبینییە نیشانەی شکاندنی پەیوەندییە جیهانییەکانە، بە لەبەرچاوگرتنی قەیرانی جیهانی سەرمایەداری و دابەزینی ڕێژەیی ئیمپریالیزمی ئەمریکا، و سەرهەڵدانی چین و ڕووسیا وەک دوو زلهێزی تری ئیمپریالیزم.
ئاواز
نەتەوە یەکگرتووەکان خۆی بەم شێوەیە پێناسە ئەکات : " شوێنێک لەسەر زەوی کە هەموو گەلانی جیهان ئەتوانن تێیدا کۆببنەوە و کێشە هاوبەشەکان باس بکەن، و چارەسەرێکی هاوبەش بدۆزنەوە کە سوودی بۆ سەرجەم مرۆڤایەتی هەبێت".
بانگەشەی ئەوە ئەکات کە ‘چوار مەبەست’ی بریتین لە: ١) پاراستنی ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی؛ 2) پەرەپێدانی پەیوەندی دۆستانەی نێوان گەلان؛ 3) هاوکاریکردن لە چارەسەرکردنی کێشە نێودەوڵەتییەکان و پێشخستنی ڕێزگرتن لە مافەکانی مرۆڤ؛ و 4)ناوەندێک بۆ هاوئاهەنگی کارو کردەوەو چالاکییەکانی گەلان.
لەم پێناسەیەوە مرۆڤ پێی وایە نەتەوە یەکگرتووەکان ڕێکخراوێکی سەربەخۆیە، و هەندێک دەسەڵاتی تایبەتی هەیە تا سەرکردەکانی جیهان بە جۆرێک لە جۆرەکان تێبگەن و دواجار لەپێناو خۆشی و چاکەی مرۆڤایەتیدا یەکبگرن.
بیرۆکەی ئەوەی کە نەتەوە یەکگرتووەکان ئەتوانێت سەکۆیەک بۆ ‘هاوئاهەنگی’ چارەسەرییەکانی نێوان گەلان دابین بکات، ئەوە ئەگەیەنێت کە جیاوازییەکان تەنها ڕێکەوتن(سودفەن)، و ئەتوانرێت تەنها لە ڕێگەی گفتوگۆوە بەسەر بەهانە یان ناکۆکییەکانی نێوان گەلاندا زاڵ بێت.
بەڵام مرۆڤ تەنیا پێویستە بەدواداچوون بۆ پێشینەی نەتەوە یەکگرتووەکان بکات تا لەوە تێبگات کە لەو کاتەوەی لە ساڵی ١٩٤٦ ەوە دامەزراوە، هەرگیز نەیتوانیوە ئاشتی نێودەوڵەتی مسۆگەر بکات، یان پەیوەندی دۆستانە لە نێوان گەلاندا پەرەپێبدات. شەڕ لە ماوەی تەواوی بوونی نەتەوە یەکگرتووەکاندا تایبەتمەندییەکی هەمیشەیی جیهان بووە.
لەڕاستیدا زانکۆی ئۆپسالا لە سوید ٢٨٥ شەڕی چەکداریی جیاوازی دەستنیشان کردووە کە لە ساڵی ١٩٤٦ەوە ڕوویانداوە، لەجیاتی ئەوەی ڕێگری لە شەڕ بکات، نەتەوە یەکگرتووەکان تەواو پێچەوانەکەی ئەنجام داوە.
بێڕێزیکردن بە خودی-نەتەوە یەکگرتووەکان
گرژیی نێوان وڵاتان و سەرهەڵدانی ململانێ و شەڕەکان لە سایەی سەرمایەداریدا حەتمیین. ئەمەش لە کاتێکدایە کە دەوڵەتە نەتەوەییەکان لە کێبڕکێی بەردەوامدان تا لەسەر بازاڕی جیهانیی بژین یان/و زاڵبن بەسەر بازاڕی جیهانیدا، کە تیایدا بەهێزەکان لاوازەکان هەڵئەلوشن. هەر بیرکردنەوەیەکی تر بە جیا لەمە، ساویلکانەیە.
ئەمڕۆ بە چڕبوونەوەی سەرمایە لە دەستی چەند دامەزراوەیەکی قۆرخکاریی سەرەکی و دارایی، دەوڵەتە نەتەوەییە سەرمایەدارەکان وابەستەو گرێدراوی قۆرخکاریی تایبەت و دەوڵەتین.
لینین ئەوەی ڕوونکردەوە کە هۆکاری شەڕ لە سەردەمی مۆدێرندا دابەشبوونی جیهانە لە نێوان دەوڵەتە نەتەوەییە ئیمپریالیستییە کێبڕکێکارەکاندا. ململانێ و شەڕەکان بە ناچاری لە سەرهەڵدان و بەردەوامی دژایەتییەکانی نێوان دەوڵەتە نەتەوەییە جیاوازەکانەوە سەرهەڵئەدەن، کە لە کۆتاجاردا ڕەگ و ڕیشەکانی بۆ بەرژەوەندییەکانی چینە سەرمایەدارەکان ئەگەڕێتەوە.
نەتەوە یەکگرتووەکان دامەزراوەیەکی سەربەخۆ نییە کە بە ئارەزووی خۆی کار بکات، بەڵکو لە نوێنەرانی نزیکەی ٢٠٠ دەوڵەتی نەتەوەیی کێبڕکێکار پێکهاتووە. بەڵام لە نێو ئەمانەدا، ئەوە زلهێزە گەورە ئیمپریالیستەکانن کە بڕیارەکان ئەدەن – کە شتێکی زیاتر لە ئەمریکا نییە.
ئەندامانی هەمیشەیی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بریتین لە ئەمریکا، بەریتانیا، ڕووسیا، چین و فەڕەنسا کە هەموویان مافی ڤیتۆیان هەیە. هەمیشە لە سەرەتاوە ئەم زلهێزە ئیمپریالیستیانە چاویان لە بەرژەوەندییە تایبەتەکانی خۆیانە.
لە سەرەتای دامەزراندنی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە، لە نێوان بەرژەوەندییە ئاشت نەکراوەکانی ئیمپریالیزمی ڕۆژئاوا لە لایەک و بیرۆکراسییە ستالینییەکانی یەکێتی سۆڤیەت (و دواتریش چین) لە لایەکی ترەوە دەرگیری ئیفلیجی بووە. ئەم ململانێیە تەنها بە گەڕانەوەی سەرمایەداری لە ڕووسیا و چین، و گەشەکردنیان بۆ دوو زلهێزی ئیمپریالیستیی بەردەوام بووە.
لەگەڵ داڕمانی جیهانگیریی و سەرهەڵدانی قەیرانی گەورە لە پەیوەندییە جیهانییەکان، بێدەسەڵاتی نەتەوە یەکگرتووەکان تا دێت زیاتر ئاشکراتر ئەبێت. ناکرێ چاوەڕوانی ئەوە بکرێت کە ئەمریکا و بەریتانیا و فەرەنسا بەڕێکەوتنێک لەگەڵ ڕووسیا یان چین لەسەر پرسەکانی وەک شەڕی ئۆکرانیا، شەڕی بازرگانی جیهانی، یان دۆخی ڕۆژئاوای ئەفریکا بە ئەنجام بگەن. بەرژەوەندی زلهێزە ئیمپریالیستەکان لەسەر ئەم پرسانە پێچەوانەی یەکترن.
لینین ڕوونیکردەوە کە کۆمەڵەی گەلان، کە پێش نەتەوە یەکگرتووەکان دامەزرا، تەنها یەکگرتنێکی سەر کاغەز بوو. لە واقیعدا کۆمەڵێک دڕندەی نێچیرگر بوون کە بەردەوام لە ململانێی یەکتردا بوون و هەرگیز متمانەیان بە یەکتر نەبووەو ناشبێت.
لینین کۆمەڵەی گەلانی بە "چێشتخانەی دزەکان" پێناسە کرد - "پارچەیەک لە ساختەکاریی لە سەرەتاوە هەتا کۆتایی؛ فێڵێکە لە سەرەتاوە هەتا کۆتایی ؛ و درۆیەکیشە لە سەرەتاوە هەتا کۆتایی”.
ئامرازی ئیمپریالیزم
کەوایە نەتەوە یەکگرتووەکان لەجیاتی ئەوەی ئامرازێک بێت بۆ ئاشتی، ئامرازێکی دەستی ئیمپریالیزمە.
ئەمەش کاتێک ئەبینرێت کە نەتەوە یەکگرتووەکان دوای شۆڕشی کۆلۆنیالیزم لە کۆماری کۆنگۆ لە ساڵی ١٩٦٠ دەستێوەردانی کرد.
کاتێک کۆنگۆ خۆی لە ژێر هەژموونی بەلجیکا ڕزگار کرد، یاخیبوونێک بە پشتیوانی کۆلۆنیالەکانی پێشوویان لە باشووری ڕۆژهەڵاتی کۆنگۆ(دەوڵەمەند بە کانزاکان) سەریهەڵدا. یاخیبوونەکە هەوڵێکی ڕوون بوو بۆ تێکدانی سەقامگیری حکومەتی نوێ بە سەرۆکایەتی پاتریس لومومبا، یەکەم سەرۆک وەزیرانی هەڵبژێردراوی دیموکراسی.
کۆنگۆ داوای هاوکاری لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد، کە بە ناردنی زیاتر لە ١٣ هەزار سەرباز وەڵامیان دایەوە. هەروەها دەستەیەکی گەورەی مەدەنیی نەتەوە یەکگرتووەکانیان نارد تا دەست بەسەر ئیدارە گشتییەکانی وەک فڕۆکەخانە، نەخۆشخانە، پەیوەندییەکان، بانکی ناوەندی، پۆلیس و هتد ...دا، بگرن.
بەڵام لەجیاتی هاوکاریکردن و یارمەتیدانی کۆنگۆ، بوونی نەتەوە یەکگرتووەکان لە وڵاتەکە کارەکانی حکومەتی تازە هەڵبژێردراوی سەخت و قورستر کرد. نەتەوە یەکگرتووەکان هەرگیز سەرکۆنەی بەلجیکیەکانی نەکرد، و هیچ هەنگاوێکی بەدژیان نەگرتەبەر، بەڵکو لە جێگەیدا ڕێگرییان لە لومومبا کرد تا داوای پشتیوانی لە نەتەوە دۆستەکانی ئەفریکا بکات،و هەروەها ڕێگرییان لە یارمەتییەکانی یەکێتی سۆڤیەت کرد.
کودەتا
ئیمپریالیزمی ڕۆژئاوا لە بڵاوبوونەوەی شۆڕشە کۆلۆنیالییەکان تەواو نیگەران بوو، و بڕیاریدا کۆتایی بە حکومەتی لومومبا بهێنێت. ئەم ئیمپریالیستە ڕۆژئاواییانە سەرچاوەی سەرەکی دەسەڵاتی نەتەوە یەکگرتووەکان بوون.
هەر لەسەرەتاوە نەتەوە یەکگرتووەکان دژی حکومەتە تازە هەڵبژێردراوەکان کاری ئەکرد.
دوای ئەوەی لومومبا لەپێناو وەرگرتنی هاوکاریی دەستی بۆ یەکێتی سۆڤیەت درێژ کرد ، سی ئای ئەی (کە مێژوویەکی دوور و درێژی لە دەستێوەردان لە حکومەتە بیانییەکاندا هەیە) لەلایەن کۆشکی سپییەوە دەسەڵاتی پێدرا کە "بە ڕێگەی دەستوریی حکومەتی لومومبا بگۆڕێت". سی ئای ئەی بۆ تێکدانی لێدوانەکانی لومومبا سپۆنسەری خۆپیشاندەرانی کرد، و دەستی بە پیلانگێڕییەکانی تیرۆرکردنی کرد.
دوای چەند مانگێک، لومومبا لەسەر دەسەڵات لابرا، و لە کودەتایەکدا کە لەلایەن سەرۆک ئەرکانی سوپا، مۆبوتو ڕێکخرابوو، لەسێدارەدرا. سەرجەم چالاکییەکانی دژی لومومبا بە ئاشکرا لەلایەن بەلجیکا و ئەمریکاوە پاڵپشتی کران.
هەرچەندە نەتەوە یەکگرتووەکان ئەیزانی کە لومومبا لە ژێر هەڕەشەی تیرۆرکردندایە، بەڵام هیچ شتێک بۆ ڕێگریکردن لە ڕوودانی نەکرد، بەڵکو کاتێک مۆبوتو هاتە سەر دەسەڵات، ڕزگاریان بوو.
برایان ئورکوهارت، نوێنەری سەرەکی نەتەوە یەکگرتووەکان لە کۆنگۆ لەو کاتەدا، ڕایگەیاند:
- بە بەراورد لەگەڵ سەرۆکەکەی، مۆبوتو پایەیەکی پراگماتیزم و عەقڵی ساغ بوو.
"لەو ڕۆژە سەرەتاییانەدا، مۆبوتو تا ڕاددەیەک وەک گەنجێکی عەقڵانی دەرئەکەوت، کەسێک کە تەنانەت ڕەنگە لانیکەم لە ئێستا و دواتردا بەرژەوەندییەکانی وڵاتە نوێیە سەربەخۆکەی لە دڵدا بێت."
ئۆرکوهارت بە ‘عەقڵی ساغ’ مەبەستی ئامادەیی بۆ کردنەوەی دەرگاکانی کۆنگۆ بۆ ئیمپریالیزمی ڕۆژئاوا و ڕەتکردنەوەی یەکێتی سۆڤیەت بوو.
هەربۆیە ئەرکە دانپێدانراوەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هێنان و دەستەبەرکردنی ‘ئاشتی’، ‘دیموکراسی’ و ‘مافی مرۆڤ’ لەگەڵ بەرکەوتنیان لەگەڵ بەجۆشیی ناکۆکی و ململانێ چینایەتییە ڕاستەقینەکانی نێوان زلهێزەکاندا بە هەوادا ئەچن.
ئەمەش بۆ ئەو هۆکارە سادەیە ئەگەڕێتەوە کە نەتەوە یەکگرتووەکان جگە لە فرۆشگایەکی چەندان زیاتر هیچی تر نییە؛ و وەک ڕووپۆشێکی دیپلۆماسی بۆ زلهێزە سەرەکییە ئیمپریالیستەکان ئاکت ئەکات.
نەتەوە یەکگرتووەکان تەنها بەو ڕادەیەی زلهێزە ئیمپریالیستەکان، جارجارە، ئارەزووی ئاشتی ئەکەن، گرنگی بە ‘ئاشتی’ ئەدات. بەڵام کاتێک حکومەتێکی وەک حکومەتەکەی لومومبا ئەبێتە سەرچاوەی هەڕەشە بۆ سەر بەرژەوەندییەکانیان، ئەوا ئاشتی لە پەنجەرەوە هەڵدێت.
هایتی
نوێترین نمونەی ‘ئاشتیپارێزیی’ نەتەوە یەکگرتووەکان لە بەرژەوەندی ئیمپریالیزمدا، دۆزی هایتییە.
ئەمریکا لە ساڵی ٢٠٠٤دا پشتگیری لە کودەتایەک کرد لە دژی ئاریستیدی سەرۆکی چەپ. هەروەک لومومبا، ئاریستید یەکەم سەرۆکی هەڵبژێردراوی وڵاتەکە بوو. سەربازانی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕاستەوخۆ دوای کودەتاکە ڕەوانەی ئەوێ کران تا ڕێگری لە هەر هەوڵێکی خەڵکی هایتی بۆ خۆڕێکخستن لە دژی ڕژێمی نوێی گرێدراوی ڕۆژئاوا بکەن.
دەستەی نوێنەرایەتی نەتەوە یەکگرتووەکان (MINUSTAH)، بە تایبەتی بۆ ڕێگریکردن لە "هێزە سیاسییە پۆپۆلیستی و دژە ئابوورییە بازاڕییەکان" داڕێژرابوو، تەنانەت تا ئەو ڕاددەیەی لەپێناو بەرەوپێشبردنی ڕێزگرتن لە مافەکانی مرۆڤ! کاریان لەسەر قەدەغەکردنی گەڕانەوەی ئاریستیدیش بۆ هایتی کرد.
ئەمە هەمووی بەو پاساوە ڕەوایەتی پێدرابوو، کە هەر بزووتنەوەیەک دژی حکومەتی نوێ بە مانای هەڕەشەیە لە ‘ئاشتی و سەقامگیریی’ وڵاتەکە. بەم شێوەیە نەتەوە یەکگرتووەکان ئەرکی پاراستنی ‘ڕێک و پێکی’ دۆخە ڕزیوەکەی گرتە ئەستۆ.
دەستەی ڕاسپێردراوی (MINUSTAH) لە ساڵانی ٢٠٠٤-٢٠١٧ بەردەوامی هەبوو. لەو ساڵانەدا دەستەی بەناو ‘ئاشتیپارێزان’ لە کۆمەڵێک ئابڕووچووندا ڕووخساری ڕاستەقینەی خۆیان نیشانی هەمووان دا.
بۆ نموونە دەرکەوت کە کچەمنداڵانی تەمەن ١١ ساڵ لەلایەن ئاشتیپارێزانی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە دەستدرێژی سێکسییان کراوەتە سەر و دووگیان کراون. ئەوەندە منداڵ هەبوون کە باوکیان لە ئاشتیپارێزەکان بوون و نازناوی ‘Petit MINUSTAH’ ببووە شتێکی بەربڵاو لەنێو خەڵکدا.
داگیرکاریی نەتەوە یەکگرتووەکان لە هایتی ئاشکرای کرد کە دواجار ناوەندەکە ئامرازێکە بۆ ئیمپریالیزمی ڕۆژئاوا لەپێناو دەستەبەرکردنی بەرژەوەندییەکانیان، و دەمامکێکی بێلایەنیی و ئاشتیخوازیی بۆ زلهێزە سەرمایەدارییە گەورەکان دابین ئەکات.
لیۆن ترۆتسکی لە پێناسەکردنی کۆمەڵەی گەلاندا ڕوونیکردەوە کە: “لە بەرگریکردن لە دۆخی ئێستا، ڕێکخراوێکی ‘ئاشتی’ بوونی نییە، بەڵکو ڕێکخراوێکە لە توندوتیژیی کەمینەیەکی ئیمپریالیست بەسەر زۆرینەی ڕەهای مرۆڤایەتیدا.” ئەکرێت هەمان شت لەبارەی نەتەوە یەکگرتووەکانی ئێستاوە بوترێت.
وەهمەکان
هەرچەندە نەتەوە یەکگرتووەکان چەندین جار ئەوەی نیشان داوە کە ناتوانرێت متمانەی پێبکرێت، بەڵام زۆرێک لە ڕیفۆرمخوازانی چەپ بۆ چارەسەری کێشەکانی ئەمڕۆ، هێشتا چاویان لە نەتەوە یەکگرتووەکانە.
لە پەیوەند بە شەڕی غەززەوە، فیدراسیۆنی جیهانی یەکێتییەکان خوازیاری کۆتایی هێنان بە “داگیرکاریی و نیشتەجێبوونی ئیسرائیلیەکان لە ناوچە عەرەبییە داگیرکراوەکان کرد، هەروەک لە بڕیارنامەکانی نەتەوە یەکگرتووەکاندا هاتووە”.
میک لینچ، سکرتێری گشتی یەکێتی RMT لە بەریتانیا، ئەم قسانەی دووپاتکردەوە و داوای "یەکلاییکردنەوەی دادپەروەرانەی لەسەر بنەمای بڕیارنامەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و یاسا نێودەوڵەتییەکان" کرد.
بەڵام بیرکردنەوەو خەیاڵکردن لەوەی هەندێک ڕێگا هەن تا دەوڵەتی ئیسرائیل ڕێز لە بڕیارنامەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بگرێت کاتێک پێچەوانەی بەرژەوەندییەکانی چینی دەسەڵاتداری ئیسرائیل بێت، یۆتۆپیایەکە.
تەنانەت ئەگەر بشتوانێت بڕیارنامەیەک لە ئەنجومەنی ئاسایش دەربکات – کە تاکە دەزگایە لەناو نەتەوە یەکگرتووەکان کە بتوانێت بڕیارنامەیەکی 'پابەندکەر' دەربکات – ئەوا دەوڵەتی ئیسرائیل تەنها پشتگوێی ئەخات، بەهەمان شێوەی،کە لە ماوەی دەیان ساڵی ڕابردوودا، بڕیارنامە بێشومار و 'یاسا نێودەوڵەتییەکان'ی پشتگوێ خستووە .
تەنها سەیری ئەوە بکەن کە لە شەڕی عێراق لە ساڵی ٢٠٠٣دا چی ڕوویدا، کاتێک ئەمریکا نەیتوانی قەناعەت بە ئەنجومەنی ئاسایش بکات تا داگیرکارییەکەیان پەسەند بکات، کە بە شێوەیەکی کاریگەر و بەپێی نەتەوە یەکگرتووەکان شەڕەکەی کردە شەڕێکی ‘نایاسایی’. بەڵام ئەمە هەرگیز نەبووە هۆی ڕێگرییکردنی بۆردومانی وڵاتەکەو وێرانکردنی لە لایەن ئەمریکاوە. نەتەوە یەکگرتووەکان هیچ دەسەڵاتێکی نییە لە بەرپەرچدانەوەی هێزی ئەمریکا.
لە هەمان کاتدا بڕیارەکەی دادگای دادی نێودەوڵەتی کە دۆسیەی ئەفریکای باشووری بە "لانی کەم، جێی متمانە" ناساند، و ڕایگەیاند کە ئیسرائیل ئەبێت هەموو هەوڵێک بۆ ڕێگریکردن لە کۆمەڵکوژی بدات، ئیسرائیل دەیان ئەندامی ستافی ڕێکخراوی فریاگوزاری نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ فەلەستین(UNRWA)ی بە بەشداریکردن لە هێرشەکەی ٧ی ئۆکتۆبەری حەماس، تۆمەتبار کرد.
ئەم تۆمەتانە بووە هۆی ئەوەی ١٥ وڵات بە سەرۆکایەتی ئەمریکا دارایی خۆیان بۆ ئونروا (UNRWA) هەڵپەسێرن. کەرتی غەززە بە تەواوی پشت بە هاوکارییەکانی ئونروا ئەبەستێت. بۆیە هەڵپەساردنی دارایی ئەبێتە هۆی مردنی هەزاران فەلەستینی تر بەهۆی برسێتی یان نەخۆشییەوە.
ئەمەش بەڕوونی ئەوە دەرئەخات کە چۆن نەتەوە یەکگرتووەکان هێزێکی سەربەخۆ نییە، کە توانای پەیڕەوکردنی سیاسەتەکانی خۆی هەبێت، بەڵکو گۆڕەپانێکی دیپلۆماسییە تا زلهێزەکان بەدوای بەرژەوەندییەکانی خۆیان بکەون.
بەرەنگاربوونەوەی ئیمپریالیزم
ئەرکی کۆمۆنیستەکان بڵاوکردنەوەی وەهمەکان لە نەتەوە یەکگرتووەکاندا نییە. هیچ ئاشتییەک لەم دامەزراوە سەرمایەدارییەدا بەدەست ناهێنرێت.
دامەزراوەکە وەک قەڵغانێک بۆ بەرژەوەندییەکانی سەرمایەداران کار ئەکات، بۆ هێوڕکردنەوەی چینی کرێکار کار ئەکات،لەو ڕێگەیەوەی کە پێیان ئەڵێت گوایە ئەتوانرێت لە ڕێگەی گفتوگۆکردن لەگەڵ سەرکردەکانی جیهان لە ململانێکان دووربکەوینەوە. ڕێکخراوێکە بۆ سەرمایەداران تا بە ناوی ‘دیموکراسی’ و ‘ئاشتی’ یەوە پاساو بۆ کردەوەکانیان بهێننەوە، و لە چوارچێوەی کەناڵە سەلامەتەکاندا بێزاری و توڕەییەکانی چینی کرێکار کۆنترۆڵ بکەن.
هیچ چارەسەرێکی دیپلۆماسی ناتوانێت هۆکاری بنەڕەتی ڕاستەقینەی شەڕ – کە سەرمایەدارییە، بوەستێنێت. سەرمایەداران بەوپەڕی دیقەتەوە پەنا بۆ شەڕ ئەبەن کاتێک شێوازە ‘ئاسایی’یەکانی دیپلۆماسی و دانوستان بەجۆرێک کفایەت نابن تا بەرژەوەندییەکانیان دەستەبەر بکات. بە وتەی کلاوسڤیتز، شەڕ تەنیا "بەردەوامی سیاسەتە بە ڕێگایەکی تر".
ملیۆنان کەس متمانەیان بە نەتەوە یەکگرتووەکان لەدەست ئەدەن، و بەدوای چارەسەرێکی ڕاستەقینەی کۆتاییهێنان بە بەربەرییەتی ئەو شتانەی کە لە دەوروبەرمان ڕووئەدەن،ئەگەڕێن. هەربۆیە ئەبێت کۆمۆنیستەکان دووڕووییەکانی چینی دەسەڵاتدار ئاشکرا بکەن، وەک ئەوەی لە دامەزراوەکانی هاوشێوەی نەتەوە یەکگرتووەکاندا بەرجەستە بووەتەوە.
پێویستە کرێکاران و لاوان تەنها متمانەیان بە هێزەکانی خۆیان هەبێت، و لە ڕێگەی میتۆدی چینایەتییەوە شەڕی ئیمپریالیستی بکەن.
ئەڵتەرناتیڤی ڕاستەقینە، خەبات دژی ئیمپریالیزم و ڕووخاندنی سەرمایەدارییە. هەر بۆیە ئەوە ئەڵێین: هیچ شەڕێک نا، جگە لە شەڕی چینایەتی؛ وهەربۆیە دروشمی ‘ئینتفازە’ واتە ڕاپەڕینی جەماوەریی بەرز ئەکەینەوە، نەک تەنها دژی ڕژێمی زایۆنیستی ئیسرائیل، بەڵکو بە دژی سەرجەم سیستمی سەرمایەداری لە سەرانسەری جیهان.
ئەو ڕێگایەی کە ئێمە بە باشترین شێوە پشتیوانی لە ستەملێکراوانی غەززە بکەین، ئەوەیە کە خەبات دژی ئیمپریالیزمی بەریتانیا بکەین، و داوا لە کرێکارانی سەرجەم جیهان بکەین، هەمان ڕێباز بەرامبەر چینە دەسەڵاتدارەکانی خۆیان بگرنەبەر. نەتەوە یەکگرتووەکان ئامرازێک نییە لە خەباتی ئێمەدا، بەڵکو تەواو پێچەوانەکەیەتی.
خەبات دژی ئیمپریالیزم و سەرمایەداری ئەبێت لەسەر بنەمای هاوپشتی چینی کرێکاری نێودەوڵەتی، و بەرنامەیەک بۆ شۆڕشی سۆسیالیستی جیهانی بێت.
سەرچاوە : لەبەرگری مارکسیزمدا، پێشتر لە کۆمۆنیست بڵاوکراوەتەوە