پیلۆسی سەرشێتانە چین دەورووژێنێت بە سەردانەکەی تایوان

پاش ڕۆژانێک لە تێڕامان چڕ و خۆدزینەوە، دوێنێ نانسی پیلۆسی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا بە جێتێکی هێزی ئاسمانی ئەمریکا لە شاری (تایپێ)ـی پایتەختی تایوان نیشتەوە. ئەم وروژاندنە سەرشێت و کۆنەپەرستانەیە بەرانبەر بە چین لەلایەن ئمپریالیزمی ئەمریکاوە هەڕەشەی ناسەقامگیرکردنی تەواوی ناوچەی هیند-پاسیفیک دەکات.

[Source]

لە پشتی ئەو هەموو وتە دووڕووانەی باس لە پشتیوانیکردن لە ‘دیموکراسی’ دەکەن، لە ڕاستیدا مەبەستی پێلۆسی بەرەوپێشەوەبردنی بەرژەوەندییە تەسکەکانی ئمپریالیزمی ئەمریکایە، و تەنانەت بەرژەوەندییە تەسکترەکانی هەڵبژاردەیەکی پارتی دیموکراتیش. لە هەمان کاتدا چینی دەسەڵاتداری چین ئەو دەرفەتەیان قۆستەوە بۆ ئەوەی سەرنج لە قەیرانێکی پەرەسەندووی خۆجێیییەوە دوور بخەنەوە بەرەو ‘دوژمنەکانی دەرەوەی وڵات’.

پێلۆسی، سێیەم کەسایەتی باڵای دەوڵەتی ئەمریکایە، پێشینەیەکی دوورودرێژی هەیە لە هێڕشکردنە سەر بەرژەوەندییەکانی چینی کرێکاری ئەمریکا لە پەرلەماندا، لە ناوخۆشدا ڕامیاروانێکی ناخۆشەویستە بەتوندی.

بە چەشنی سەرۆک بایدن کە بە هەمان شێوە ناخۆشەویستە، کە دەیان ملیار دۆلاری لە شەڕی بریکاری ئەمریکا لەگەڵ ڕووسیا لە ئوکراینا خەرج کردووە، پێلۆسی دەیەوێت “پتەوانە ڕەفتار بکات” لە بوارە نێونەتەوەیییەکاندا. و ئەمەش فشارێکی زۆری هەیە بەتایبەتی لە پێش هەڵبژاردنەکانی نێوەڕاستی قۆناخیدا.

بۆیە بڕیاری دا سەردانی تایوان بکات – کە باڵاترین ڕامیاریوانی ئەمریکایییە لە ماوەی ٢٥ ساڵدا ئەو کارە کردبێت – تاوەکوو ڕاستەوخۆ چین لووتشکاو بکات، چون چین دوورگەکە وەک بەشێک لە خاکی خۆی دەزانێت.

بەپێی ڕاپۆرتێک فاینانشڵ تایمز (Financial Times)ـەوە لە ناوەڕاستی مانگی تەمموزدا. لەپێش شەڕەکەی ئوکراینا، پیلۆسی نیازی خۆی بۆ سەردانی تایوان ڕاگەیاندبوو. پلانەکەی بەهۆی تووشبوون بە کۆڤید-١٩ـەوە دوا خرا، بەڵام وا دانرابوو کە بخرێتە کاتێک دیکەی بۆ دانرابێتەوە.

لەو کاتەی پلانە ڕاستەقینەکەی بۆ سەردانکردنی ئاسیا ڕاگەیەندرا، تایوان لەنێو گەڕاننامە فەرمییەکەدا نەبوو، هەرچەندە ئەو بۆ خۆی سەردانەکەی نە پشتڕاست کردەوە و نە ڕەتی کردەوە.

بەدرێژایی ئەم پرۆسەیە چین بە هەڕەشەی جۆراوجۆرەوە کاردانەوەی هەبوو و بەڕوونی دەری خست کە ئەمە بە وروژاندنێکی گەورە دەزانێت. وتەبێژی کاروباری بیانی (ژاو لی‌چیان) ئاگاداری دا لەوەی کە “سوپای ڕزگاریخوازی گەل [PLA] هەرگیز بە بێدەنگی دانانیشێت. چین ڕێوشوێنی بەهێز و یەکلاکەرەوە دەگرێتە بەر بۆ پاراستنی سەروەری و یەکپارچەیی خاکەکەی”.

لەو شەش ڕۆژەی پێش سەردانەکە، نە کەمتر لە سێ وەزارەتی چینی، نۆ هۆشدارییان لە سەردانەکەیدا دەرکرد. و (پێلۆسی)ـش بەبێشەرمانەیییەوە هەموویانی فەرامۆش کرد.

حکومەتی تایوان لای خۆیەوە، کە ئێستا لەژێر بەڕێوبەرایەتیی لایەنگری (DPP) پارتی پێشکەوتنخوازی دیموکراتی ئەمریکادایە ، گۆڕا لە ئیدیعاکردنی ئەوەی کە هیچ زانیارییەکی نییە لەسەر پلانی پێلۆسی بۆ سەردانیکردنی لە ١٩ـی تەمموز، بۆ ئەوەی سەرۆکوەزیران سو تسێنگ‌چانگ بەناڕوونییەوە دەریبخات کە چۆن “پێشوازی لە هەر سەردانکەرێکی بیانی دەکات” کاتێک چەند کاتژمێرێک پێش ئەوەی پێلۆسی بگات. داوای لێ کرا پشتڕاستی بکاتەوە کە ئایا لەڕاستیدا دەگاتە ئەوێ یان نا.

زۆر کەمن ئەو “سەردانکەری بیانی”ـیانە کە هێزی دەریاییی ئەمریکا دەستەکەشتییەکیان بۆ جێگیر دەکات کە کەشتییەکی فڕۆکەهەڵگری یو‌ئێس‌ئێس ڕۆناڵد ڕیگانیان لەپێش خۆیانەوە دانابێت، لە شوێنێک لەنێوئاوەکانی ڕۆژهەڵاتی تایوان تاوەکوو مەبەستە شەڕانگێزەکانی ڕوون بکاتەوە.

پیلۆسی چی دەکرد لە تایوان؟

سەردانەکەی ئێستای پێلۆسی بەشێک بوو لە گەشتێک بۆ هاوپەیمانی ئەمریکا لە ئاسیا، لە هەوڵێکی ڕووندا بۆ کۆکردنەوەیان دژ بە چین کە گەورەترین ڕکابەری ئەمریکایە لە بازاڕ و کاریگەریکردنە سەر شانۆی جیهانی. دەرکەوتنی کورتی پێلۆسی (ئەو بەپەلە لە کاتژمێر ٤:٤٥ـی ئێوارەی ڕۆژی دوای گەیشتنی وڵاتەکەی بەجێ هێشت) تا ڕادەیەکی زۆر سووکایەتییەکی هێمادارانەیە بە ڕکابەرە سەرەکییەکەی ئەمریکا.

بەڵام بۆچی سووکایەتییەکی لەو شێوەیە ئەنجام دەدرێت؟ و بۆچی لەئێستادا؟

دابەزینە ڕێژەیییە بەردەوامەکەی ئمپریالیزمی ئەمریکا لەم دوایییانەدا بە شکستە لووتشکێنەکانیدا کە دەسەڵاتەکەی بە شێوەیەکی توند هەژاندووە، تیشکی خراوەتە سەر. دوای دەرچوونە شپرزەکەی لە جەنگێکی ٢٠ ساڵی لە ئەفغانستان، ئەمریکا ڕووبەڕووی شکستێکی زۆربڕی دیکە دەبێتەوە لە شەڕە بریکارییەکەی لەدژی ڕووسیا لە ئوکراینا.

گەرچی ئەمریکا هەر وەک پێشەنگی ئمپریالیزمی جیهان دەمێنێتەوە، بۆ هەمووان ڕوونە کە چیتر ناتوانێت ویستی خۆی بەبێ سزا بسەپێنێت. ڕکابەرەکانی دەستیان کردووە بە چڕکردنەوەی ماسولکەکانیان، و دەجووڵێنەوە بۆ دەستەبەرکردنی کایەگەلی کاریگەری خۆیان.

چین کە دووەم زلهێزی جیهانییە لە ڕووی هێزی ئابووری و سەربازییەوە، بازاڕ و کاریگەریی جیۆپۆلیتیکی خۆی لەسەر حیسابی ئەمریکا فراوان کردووە، بەتایبەتی لە ‘حەوشی پشتەوە’ـی لە ناوچەی هیندۆ-پاسافیک، مەشقی سەربازی چەندبارەبووی زیاتر ئەنجامداوە بۆ ئەوەی ددانەکانی جیڕبکاتەوە.

بەم شێوەیە، بەشێکی سەرەکی لە سەردانەکەی پێلۆسی ئەوەیە کە چین بیربخاتەوە کە ئمپریالیزمی ئەمریکا هێشتا سەگی گەورەیە لە ڕامیاریی جیهاندا، و لەلایەن نەیارێکی سەرهەڵداوەوە ‘قۆڵدڕی’ لێ ناکرێت بۆ ملکەچبوون.

ئەم نمایشی خۆهەڵکێشانە تا ڕادەیەک بەهۆی دابەشبوون لەناو ڕیزەکانی چینی دەسەڵاتداری ئەمریکاەوە تێک درا، بەوەی زانیارییەکان هەردوو نووسینگەی بایدن و پێنتاگۆن دژی گەشتەکەی پێلۆسی بوون، کە مەترسی کردنەوەی بەرەیەکی تەواو نوێی هەیە لەگەڵ هێزێکی ئەتۆمی و دوژمنکارانە، لەکاتێکدا هێشتا تا ئەژنۆیان خنکاوە لە قووڵاییی زەلکاوەکەی ئوکراینادا.

پێلۆسی تۆمارێکی تایبەتی هەیە لە مامەڵەکردنی وروژێنەرانە بەرانبەر بە چین و دیارە بایدن نەیتوانیوە کۆنتڕۆڵی بکات، سەرەڕای ئەوەی بەئاشکرا دان بەوەدا دەنێت کە گەشتەکە “بیرۆکەیەکی باش نییە لە ئێستادا”. ئەم دابەشبوونانە لە لوتکەدا بەڵگەیەکی دیکەن لەسەر لاوازبوونی ئمپریالیزمی ئەمریکا.

هەروەها ئاژاوە لە بازاڕەکانی جیهان و بەرزبوونەوەی پشتیوانیخوازی تایوانی خستووەتە جێگەی سەرنج. کە بەشە زۆرەکەی وردەتەڵەزمەکان (microchips)ـی جیهان بەرهەم دەهێنێت، و دووەم گەورەترین بەرهەمهێنەری نیمچەگەیێنەکان (semiconductors)ـە (دوای چین، و کۆریای باشوور بەدواییدا دێت). هەردوو وڵاتی ئەمریکا و چین بەتامەزرۆییەوە دەیانەوێت پێداویستیەکانیان لەم پێکهاتە سەرەکییانە مسۆگەر بکەن، ئەمەش دوای ئەوەی خواست لەسەر ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان لەماوەی پەتاکەدا بەرزبووەوە.

ئەمریکا لەم دوایییانەدا وەبەرهێنانی بەرفراوانی لە بەرهەمهێنانی تەڵەزمە نیمچەگەیێنەکاندا لە ناوخۆدا کرد بۆ کەمکردنەوەی پشتبەستنیان بە تایوان، بەڵام ئەمە پرۆسەیەکی خاو و گرانە. هەروەها ئەمریکا فشاریشی خستە سەر کۆمپانیای بەرهەمهێنانی نیمچەگەیێنی تایوان (TSMC) بۆ کەمکردنەوەی فرۆشتنەکانی لەبۆ چین، لە هەمان کاتدا پاڵی پێوە دەنێت بۆ کردنەوەی کارگەکانی لەناو ئەمریکادا، ئەمەش بە شێوەیەکی کاریگەر تایوانییەکان ناچار دەکات ئەو تەکنەلۆژیا گرنگەی کە تێکەوتووە لە بەرهەمهێنانی نیمچەگەیێن رادەستی ئەمریکا بکەن.

لەو کاتەوەی دەرکەوت کە گەشتەکە هێشتا بەڕێوەیە، گەمەیەک دەستی پێ کرد کە هەردوو لا نەیانویست بە ترسنۆک دەرکەون بۆیە کە شاندی پێلۆسی نەیتوانی پاشەکشە بکات لە ترسی ئەوەی وا دەرکەوێت کە لە چین ترساوە، کە بەبێگومانی لە هەڵبژاردنەکانی نێوەڕاستی قۆناخیدا لەلایەن کۆمارییەکان (Republicans)ـەوە دەقۆزێنرایەوە. بە هۆی ئەم جۆرە دەستکەوتە پووچانەوە پێشەنگی هێزە ئیمپریالیستییەکانی جیهان لەگەڵ ڕکابەرێکی ئەتۆمیدا سەرقاڵی خۆبەهێز پیشاندانە.

بە هەمان شێوە، ئێستا حیزبی کۆمۆنیستی چین (CCP) لە شوێنی ئەوەدان بۆ ئەوەی هەڕەشەکانیان بهێننە کردار، یا خود ڕووبەڕووی داشکابوونی شکۆمەندی خۆیان ببنەوە. سەرباری ئەمەش، لەگەڵ قووڵتر نوقمبوونی سەرمایەداری چینی لە قەیرانەکاندا، کە توندتر بووەوە بەهۆی ڕێوشوێنە ناگەلی و توندەکانی قەدەغەکردن بۆ کۆنترۆڵکردنی کۆڤید-١٩، حیزبی کۆمۆنیستی چین (CCP) زیاتر پشت بە هەڵوێستی شۆڤێنی لە دژی تایوان دەبەستێت وەک ئامرازێک بۆ سەرقاڵکردنی چینی کرێکارەکەی لە ناوخۆدا.

لەم دۆخە زۆر ناجێگیرەدا، تا پریشکەیک دەکرێت کاریگەرییەکی ناسەقامگیرکەری کارەساتاوی هەبێت.

نیازە ڕاستەقینەکانی ئمپریالیزمی ئەمریکا بەرانبەر بە چین

هەروەها ئەم سەردانە دەرفەتێکی بۆ ڕامیاروانە بۆرژوازییەکانی تایوان ڕەخساند کە دڵسۆزی خۆیان بۆ ئەمریکا ڕابگەیەنن و خۆیان وەک “بەرگریکار لە دیموکراسیی تایوان” پیشان بدەن. لە چەند خولەکێکدا پاش گەیشتنی پێلۆسی، جۆرەهاگەورەکانی DPP وێنەگەلەکانیان لەگەڵیدا لە سۆشیال میدیاکانیان بڵاو دەکردەوە.

ئمپریالیزمی ئەمەریکا بەتەواوی بێباکە لە بەرژەوەندی یان خواستی گەلی تایوان. لەبیرمان نەچێت کە ئەوە ئەمریکا بوو کە ڕێگەی دا ڕژێمی دواڕادە دڕندانەی KMT لە سەردەمی چیانگ کای‌شیکدا خۆی لە تایوان بپارێزێت دوای ئەوەی لە شۆڕشی ١٩٤٩ لە چین دەرکرا، بە پشتیوانی ئەمریکا مافی فەرهەنگی و دیموکراسیی گەلی تایوان بۆ دەیان ساڵ لە سەردەمی (چیانگ)ـدا پێشێل کرا.

لە حەفتاکانی سەدەی ڕابردووەوە، گۆڕانکاری لە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لەو ناوچەیەدا وای کرد کە بەبەشێکی واز لە پشتگیرییەکانی دیکتاتۆریی KMT بهێنێت لە بەرژەوەندی دامەزراندنی پەیوەندییەکی نزیکتر لەگەڵ چین وەک هاوسەنگییەک لەدژی یەکێتیی سۆڤیەت.

بۆ ئەم مەبەستەش، ئەمریکا ڕێکخستنی دەرکردنی کۆماری چینی (چیانگ)ی لە نەتەوە یەکگرتووەکان کرد، و پێشوازی لە کۆماری گەلیی چینی (ماو) کرد وەک جێگرەوەی. بەڵام تاوەکوو دەست بەسەر دۆخەکەدا بگرێت، ئەمریکا هێشتا پشتگیرییەکی نافەرمی داوە بە تایوان هەروەک دەوڵەتێکی جودا، بەمەش لە دۆخێکی سەیردا بەجێی هێشتووە کە تا ئەمڕۆش تایوان تێیدا ماوەتەوە.

ئێستا، ئمپریالیزمی ئەمریکا لەسەر سەرکردە بۆرژوازییەکانی DPPـەوە وەستاوە، کە ڕۆژێک لە ڕۆژان لەدژی گۆچانە کۆنەکەی ئمپریالیزمی ئەمریکا، دیکتاتۆریی KMT دەجەنگان. ڕامیارییەکەی ئەو لە بەرانبەر دوورگەکەدا بەدرێژایی دەیەگەلێک گۆڕانکاری لێ کرا، بەڵام یەک شتێک نەگۆڕ ماوەتەوە: ئەو ڕامیارییە ڕەگوڕیشەی لە بەرژەوەندییە ئیمپریالیستییەکانی ئەمریکادا هەیە.

ئاخۆ ئێستا لەناکاو ئەمریکا خواستێکی ڕاستی هەیە بۆ بەرگریکردن لە مافە دیموکراتییەکانی گەلی تایوان؟ هەرگیز نا. ئمپریالیزمی ئەمریکا لە پشتیوانیکردنەکەی لە دەسەڵاتی پاشایەتیی سعوودیە و دڕندەیییە نەگێڕدراوەکانی لە یەمەن، تا دەگاتە خەیانەتی کوردان، بەلێشاوی نیشانی دا کە نیگەرانیی ئەو بۆ ‘دیموکراسی’ تەنها گەڵاهەژیرێکە1 بۆ بەرژەوەندییە ئیمپریالیستییەکانی.

‘بەرگریکردن لە دیموکراسی تایوان’ هاوتایە لەگەڵ ژێردەستەییی جەماوەرەکانی دوورگەکە بۆ ئارەزووی دڕندەترین و کۆنەپەرستترین دەسەڵاتی ئیمپریالیستیی جیهان. بەڵام تایوان تەنها گۆڕانکارییەکی بچووکە لە مانۆڕە ئمپریالیزمییەکان ئەمریکا بۆ پاراستنی باڵادەستییەکەی خۆی لە جیهاندا.

کاردانەوەی چین

پاش شێوازە شەڕانگێزییەکەیان، پێداگری پێلۆسی لەسەر سەردانەکەی تایوان بەبێگومان لووتشکاندنێکی ڕژێمی CCP بوو. سەرەڕای ئەوەی کە ئەوان بە جەماوەری خۆیانیان وتووە، لەکۆتاییدا رژێم نەیتوانی بەتەواوی فەرمانڕەوایی بکات کە چی ڕوودەدات لەو شوێنەی کە بانگەشەی ئەوەی کرددو کە خاکی خۆیەتی.

وەکوو وەڵامێکی سەرەتایی، چین ژمارەیەک سنووردارکردنی بازرگانی بەسەر هەزاران بەرهەمی تایوانیدا سەپاند. پاشان مەشقێکی بەرفراوان و بە بەکارهێنانی تەقەمەنی زیندووی لەناو ئاوەکانی کۆنترۆڵکراوی تایوان بۆ ماوەی شەش ڕۆژ ڕاگەیاند، کە تایوان ئیدیعا ئەوە دەکات ئەمە دەگاتە گەمارۆیەک. دواتر وەزارەتی بەرگری تایوان ڕایگەیاند کە نزیکەی ٢١ فڕۆکەی سوپای ڕزگاریی گەل چوونەتە ناوچەی دیاری کراوی بەرگریی ئاسمانیی تایوانەوە.

ئەگەر شەڕی ئوکراینا فێری شتێکمانی کردبێت، ئەوە ئەوەیە کە لەم سەردەمەی ئێستادا کە ململانێی نێوان زلهێزە ئیمپریالیستیەکان چڕ بووەتەوە، ڕووداوەکان دەکرێت لۆژیکێکی تایبەت بە خۆیانیان هەبێت. ناکرێت بیر لە “بەئاوەزێتی”ـی چینی دەسەڵات لە هەر کام لایەکەوە بکەین. سەردانی پێلۆسی بۆ تایوان، لە پلەی یەکەمدا، ورووژاندنێک توندی بێباکانەیە. هەڕەشە لەسەر ئاسوودەییی خەڵکی هەردوو لای هاوکێشەکە دەکات.

بەتەواوی لە ئەگەردایە کە چین هەنگاوی ماددی زیاتر بنێت بۆ سزادانی تایوان. چی دەبن ئەم هەنگاوانە؟، هێشا ماوە بزانین. یەکێک لە ئەگەرەکان گەمارۆیەکی تەواوی دەریایییە، کە مەترسیی پەرەسەندنی هەیە لەگەڵ هێزە دەریایییەکانی ئەمریکا و ژاپۆن.

ئەو پێشهاتانەی لە ئارادان هەرچییەک بن، ئیمپریالیستەکانی ئەمریکا، بە گەمژەیێتییە سەرچڵییەکەیانەوە، بەڕاستی دۆخێکی هەستیاریان تێک دا. سەرەڕای ئەوەی کۆشکی سپی هەوڵدەدات شتەکان سارد بکاتەوە بە جەختکردنەوە لەوەی کە “پشتیوانی سەربەخۆییی تایوان ناکەن”، بەڵام پێلۆسی لە یەک شەوێکدا دەیان ساڵ لە پێچوپەنای دیپلۆماسی بەوردی بنیات نراوەی هەڵوەشاند، لە پێناو بەرژەوەندییە ڕامیارییە کورتخایەنەکانیدا.

خراپبوونە پەککەوتوویییەکەی سەرمایەداریی ئەمریکا و جیهان لە قەیرانێکەوە بۆ قەیرانێکی دیکە دەڕوات و دووبارە و سێبارە ژیانی کەسانێ بێژمارە دەخاتە مەترسییەوە. چینی کرێکار لە ئاسیا و ئەمریکا و لە سەرانسەری جیهان دەبێت حسابی خۆیان لەگەڵ چینە دەسەڵاتدارەکانی خۆیاندا پاکتاو بکەنەوە بۆ ئەوەی لەڕێی شۆڕشێک کۆمەڵاگرییەوە، کۆتایی بەم شێتێتییە بهێنرێت.

پانووس

(1) گەڵایەکە بۆ داپۆشینی ئەندامە ڕەگەزییەکان، لە وێنەکێشی و پەیکەرتاشیدا، دەستەواژەکە بە واتای ئەوەیە کە ئەوە تەنها پەردەیەکە بۆ داپۆشینی دووڕوویییەکەی ئەمریکا.

چاوگ

جۆزێف ڤێلا