ئالان ودز لەسەر دێدگا جیهانییەکان: قەیران، خەباتی چینایەتی و ئەرکەکانی کۆمۆنیستەکان

لەکۆتایی مانگی جەنیوەری ٢٠٢٤ نزیکەی ١٠٠ هاوڕێی مەیلی مارکسیستی نێونەتەوەیی (IMT) لە سەرانسەری جیهانەوە بۆ کۆبوونەوەیەکی ڕابەرایەتی، کە ئاماژەی نیشانەیەکی جیاوازە لە مێژووماندا، کۆبوونەوە. لە خوارەوە دەقی تەواوی دەستپێکی قسەکانی ئالان ودز لەسەر دۆخی پشێویی جیهانیی، و ئەو ئەرکە دەستبەجێیانەی کە ئەیخاتە بەردەم کۆمۆنیستەکان بڵاوئەکەینەوە. بەو هیوایەین ڕۆژی دووشەممەش ڕاپۆرتێکی تەواوەتی دەربارەی کۆبوونەوەکە بڵاوبکەینەوە، کە چەند ڕاگەیاندنی جێبایەخی کۆمۆنیستە شۆڕشگێڕەکان لە هەر جێیەکی جیهان لەخۆئەگرێت.

شیکاریی دێدگاکانی جیهان شتێکی سادە و سادەی منداڵانە ئەبێت ئەگەر دیاردە ئابوورییەکان لە شیکاریماندا تاکە فاکتەر بن کە پێویستمان بە شیکاریکردنی بێت. بێگومان ئەوانە مەیلە بەرفراوانەکان پێکئەهێنن، هیچ پرسیارێک لەم بارەیەوە نییە. و بەڵێ، لە دواین وێستگەدا ئەوانە پرسیاری یەکلاکەرەوەن.

بەڵام، هەروەک چۆن لە زەریادا وایە، لە دۆخی جیهانیشدا ئەکرێت چەندین ڕەوتی یەکتربڕ هەبن، کە لە هەر ساتە وەختێکدا کاریگەری بەهێزیان لەسەر شێوازی گەشەکردنی شتەکان دابنێن، و لە سەرووی هەمووشیانەوە لەسەر خێرایی گەشەکردنەکان. لە هەندێک کاتدا، هەنگاوەکان ئەتوانن بە شێوەیەکی ئازاربەخشانە خاو دەربکەون. بەڵام لە کاتەکانی تردا ئەتوانن خێراتر تاو بدەن. ئەوە ئەو پێگەیەیە کە لە ئێستادا ڕووبەڕووی ئەبینەوە – پرۆسەکان لە هەموو ئاستەکاندا زۆر چڕتر و خێراتر هەنگاو ئەنێن.

من بە هیچ شێوەیەک بە درێژیی مامەڵە لەگەڵ شیکاری ئابووریدا ناکەم، کە لە شوێنەکانی تردا بە تەواوی کردوومانە. هەندێک جار، ڕەنگە کەمێک زۆر سادە بین لە ڕاگەیاندنی گشتیدا، کە بە گشتی ڕەنگە ڕاست بێت. بەڵێ، بەڵام ئەوەی لە گشتیدا ڕاستە، ڕەنگە لە بارودۆخێکی دیاریکراوی مێژوویدا ڕاست نەبێت.

بۆ نموونە ئەستەمە بۆرژوازی بتوانێت چاکسازیی بکات – ڕاستە یان هەڵە؟ بە شێوەیەکی گشتی ڕاستە. نەک هەر بۆرژوازی ناتوانێت هیچ چاکسازییەکی نوێ، مانادار و بەردەوام پێشکەش بە چینی کرێکار بکات؛ نەک هەر بۆرژوازی ناتوانێت چاکسازییەکی تۆکمە و بەردەوام بکات؛ تەنانەت ناشتوانن گەرەنتی پاراستنی هەموو ئەو دەستکەوتە چاکسازییانەش بکەن کە چینی کرێکار لە ماوەی ٥٠ ساڵی ڕابردوویدا بە ئازارەوە دەستی خستوون.

ئەمە ڕاستییەکی حاشاهەڵنەگرە. هەر ئەمەشە هۆکاری ئەوەی کە قەیرانی سەرمایەداری، وەک چۆن شەو بەدوای ڕۆژدا دێت، قەیرانی ڕیفۆرمخوازیشە.

بەڵام ئایا ئەمە ڕاستە، بە زەروورەت، کە لە هەر بارودۆخێکدا بۆرژوازی ناتوانێت چاکسازیی بکات؟ ئۆه، نا هاوڕێکانم! ئەمە بە هیچ شێوەیەک شوێنکەوتەی ئەمە نییە. ئەگەر چینی دەسەڵاتدار ڕووبەڕووی قەیرانێکی بنەڕەتی ببێتەوە، کە تێیدا هەموو سیستەمەکەیان بڕوخێنی و لەناو ببات، ئەگەر دووچار و ڕووبەڕووی لەدەستدانی هەموو شتەکانیان ببنەوە، ئەوا چاکسازیی ئەنجام ئەدەن – باشترە باوەڕمان بەمە هەبێت. بڕیارە ‘ئەستەمەکان’ ئەدەن و ئەو پارانە خەرج ئەکەن کە خاوەنیان نین.

ئەمە لە ڕوانگەی پوختی ئابووری و لۆژیکییەوە نابەرپرسیارانەیە. بەڵام ڕێک ئەمە بوو کە چینی دەسەڵاتدار بە دوای قەیرانی ٢٠٠٨-٢٠٠٩دا ئەنجامیان دا، کاتێک سیستەمەکەیان هەڕەشەی ڕووخانی لەسەر بوو.

هەر بۆیە پێچەوانەی هەموو ئەو شتانەیان کرد کە لە ساڵانی پێشووتردا ئەیانوت. بڕە پارەیەکی زۆر و باوەڕپێنەکراویان خەرج کرد – پارەی حکومەت، پارەی نەبوو – تا سیستەمەکەیان ڕزگار بکەن. و سەرکەوتوو بوون تیایدا. ئۆه، بەڵێ سەرکەوتوو بوون لە سەقامگیرکردنی کاتیی بارودۆخەکە، کە لە ژێر کۆنترۆڵ دەرچووبوو. وە هەمان کاریان بە قەبارەیەکی گەورەتر لە کاتی قەیرانی پەتای کۆڤید-١٩دا کرد. بڕێکی زۆری پارەیان خەرج کرد، پارەیەک کە خاوەنی نەبوون. ئایا سەرکەوتوو بوون؟ بەڵێ سەرکەوتوو بوون.

بەڵام بەم کارەیان، تەنیا ئەوەی تیایدا سەرکەوتوو بوون، ئەوە بوو کە دژایەتییەکی گەورەترو دژبەیەکتر، دژایەتییەکی چارەسەرنەکراوتر بخوڵقێنن. ئێستاش، ئەو دژایەتییانە کەوتووەتە شوێنیان.

ئەوان بارگاوی بوون بە بڕێکی یەکجار زۆر و بێئەندازەی قەرز: قەرزی حکومەت، قەرزی کۆمپانیا، قەرزی تایبەت، قەرزی بەکاربەران. و بێگومان، لەئێستادا ئێمە شاهیدی بازدانێکی گەورەترین لە هەڵئاوساندا. بۆیە ئێستا ناچارن، وەک کەسێک کە ئۆتۆمبێلەکەی لە ژێر کۆنترۆڵیدا دەربچێت، دەست بە (برێک)دا بکێشێت. بێگومان ئەمەش ئەبێتە هۆکاری دژایەتییەکی گەورە.

بە ڕوونی لەبیرمە، کە ئێمە بە وردی پێشبینی ئەم ڕاستییەمان لە ساڵی ٢٠٠٨دا کرد. لەو کاتانەدا، من ئەم شتەم بۆ ڕوونکردنەوە: هەموو هەوڵەکانی بۆرژوازی بۆ گەڕاندنەوەی هاوسەنگی ئابووری، کە بە نائومێدیەوە هەوڵی ئەنجامدانیان ئەدا، هاوسەنگی کۆمەڵایەتی و سیاسی تێکئەشکێنی و لەناو ئەبات.

ئەمە کتومت ئەو بارودۆخەیە کە ئێمە ئەیبینین. بەڕێکەوت، سەردەمی ڕێژەی هەڵئاوسانی کەم لە ڕووی مێژووییەوە، کە هەموو ئابووریناسە گەمژەکان بانگەشەی ئەوەیان ئەکرد کە هەمیشەییە ( بۆچی پێیان وابوو، نازانم!) و بە هەمان شێوە ڕێژەی سوودی بانکیی کەم، کۆتایی هاتووە. ئەم بارودۆخە ناتوانرێت بگەڕێندرێتەوە، لانیکەم بۆ داهاتوویەکی نزیک، ئەگەر بۆ هەمیشە نەبێت.

پەشێوترین قۆناغەکانی مێژوو

ئەمە ئەو چوارچێوەیەیە کە هەموو شتێکی تر تێیدا پەرەی سەندووە. پێناسێکی تەواو لەوەی بە وردی ڕامانگەیاند: زریاناویترین و پشێوترین قۆناغ لە تەواوی مێژوودا.

ئەم گێژاوە، ئەم ناسەقامگیرییە درێژخایەنە، لە هەموو شوێنێک ئەبینیت. تەنها تەلەفزیۆنەکە دابگیرسێنە، گوێ لە هەواڵەکان بگرە، ئەگەر توانای بەرگەگرتنت هەبێ. من بە شەخسی وازم لە گوێگرتن لە (بی بی سی) هێناوە –تەنها سیستمێکی پڕوپاگەندەی گەمژانەیە.

لە هەموو شوێنێک هەمان ناسەقامگیری ئەبینیت: ناسەقامگیری ئابووری؛ ناسەقامگیری دارایی؛ ناسەقامگیری کۆمەڵایەتی؛ ناسەقامگیری سیاسی؛ ناسەقامگیری دیپلۆماسی و بەڵێ ناسەقامگیری سەربازیش. ئەگەر لەمە تێبگەیت، ئەوا لە سروشتی ئەم قۆناغە مێژوییەی کە پێیدا تێئەپەڕین تێئەگەیت.

با لە شتێکی تردا ڕوون بین: پرۆسەکانی ئابووری، لە هەر ساتێکی دیاریکراوی مێژوویدا، ئەتوانن کاریگەری جددییان بەهۆی پرسە سیاسییەکان– و پرسە سەربازییەکان،لەسەر بێت. دیوارێکی چینی بۆ جیاکردنەوەیان نییە. هەر لێکدانەوەیەکی لەو جۆرە بیرۆکەیەکی گەمژانە ئەبێت، وەک ئەوەی خەیاڵ بکەیت کە هەموو پرۆسەکانی زانست لە ڕووی کیمیاییەوە بێگەردن. بەو شێوەیە نین.

لە دۆخێکی دیاریکراودا پرسە سیاسییەکان ئەتوانن کاریگەرییەکی توندیان لەسەر ئابووری هەبێت. وە بێگومان ئابووری هەمیشە کاریگەرییەکی بنەڕەتی لەسەر پرسە سیاسییەکان هەیە. پەیوەندییەکی دوولایەنەیان هەیە، ئەتوان چاو لەمە بکەین کاتێک ئەو زەنگی ئاگادارکردنەوانە ئەخوێنینەوە کە ستراتیژناسەکانی سەرمایەداری بەشێوەیەکی جددیتر دەریانئەبڕن – یەک یان دووانیان هێشتا لە ژیاندان.

هەرچەندە زۆربەیان گەمژەی تەواون. هەروەک لینین وتی: مرۆڤ لە لێواری تاشەبەردێکی بەرزدا بیر ناکاتەوە.

داوا لە هاوڕێیان ئەکەم ئەو لێدوانەیان لەبیر بێت. من زۆر جار ئەمەم بینیوە، کە ئێمە لە دیدگاکاندا هەڵە ئەکەین – و هەڵەمان کردووە – زۆرجار لەبەر ئەم هۆکارەی خوارەوەیە: ئێمە وا دائەنێین، نادروستانە، کە بۆرژوازی بە شێوەیەکی لۆژیکی مامەڵە ئەکات.

ئەگەر ئەمە ڕاست بووایە، بۆ پەرەپێدانی دیدگاکان تەنها ئەبوو کار لەسەر ئەوە بکەین کە چی لە بەرژەوەندی لۆژیکی ئیمپریالیزمی ئەمریکادایە و، هەربۆیە، ئەوان بەو پێیە مامەڵە بکەن.

نا، نا، نا، نا. مەرج نییە بۆرژوازی بە شێوەیەکی لۆژیکی مامەڵە بکات، وەک ئەبینین. زۆرجار لە مێژوودا ڕوویداوە کە کێشەی جددی بەهۆی حیساباتی هەڵەی چینی دەسەڵاتدارەوە دروست ئەبن.

ئەدۆلف هیتلەر گەورەترین حیساباتی هەڵەی کرد کە لە ساڵی ١٩٤١ هێرشی کردە سەر یەکێتی سۆڤیەت.

ئۆکراینا

ئەمڕۆ لە ڕۆژنامەکاندا بابەتگەلێکی خەمگینانە ئەبینیت؛ گەشبینەکانی پێشوو بۆ ڕەشبینیەکی تاریک گۆردراون، چونکە ستراتیژناسانێکی دەگمەن هەن کە توانای بیرکردنەوەیان هەبێت. وەک ترۆتسکی لە ساڵی ١٩٣٨دا وتی: بە چاوی داخراوەوە بەرەو کارەسات ئەڕۆن، و هەڵەی جددی ئەکەن.

ڕووبەڕووی زریانێکی بێوێنەو تەواو بوونەتەوە. هەموو ئەم فاکتەرانە(هۆکارانە)، ئابووری، سیاسی، سەربازی و دیپلۆماسی – خەریکن یەک ئەگرنەوەو کەڵەکە ئەبن، و خولگەیەکی ڕوو لە نشێوی کارەستبارانە بەرهەم ئەهێنن. پێناچێت کە بتوانن بیوەستێنن. ناتوانن ڕێگری لێبکەن.

ئەمانەمان لە ڕووداوەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئۆکراینادا چاو لێیە. ئەم دوو توخمە ئەبێت بەشێکی زۆر گرنگ لەم باسەدا داگیر بکەن.

با لە ئۆکرایناوە دەست پێبکەین. سەرەتا ئەبێت ئەو پرسیارە لە خۆمان بکەین: گرنگی ستراتیژی ئۆکراینا بۆ ئیمپریالیزمی ئەمریکا چییە؟ بۆچی ئەوەندە جێبایەخ و گرنگە بە ڕاددەیەک کە بووەتە وەسوەسەیەک بۆ بایدن و وەزیرەکانی؟ با وەڵامی ئەم پرسیارە بدەینەوە. زۆر بە بایەخەوە گوێ لەمە بگرن: ئۆکراینا لە ڕوانگەی گشتی بەرژەوەندییە جیهانییەکانی ئیمپریالیزمی ئەمریکاوە، گرنگی سفری هەیە. بەڵکو چین، ئەگەر حەزیش بکەیت، ئەوا تەنانەت تایوانیش: گرنگییان هەیە.

کاتێک بایدن هەڵبژێردرا، باوەڕ بکەن یان نا، بڕیار بوو بەشێک لە بەرنامەی هەڵبژاردنەکەی بەرنامەی ئاشتی بێت. ئەو نەیئەویست کە ئەمریکا زیاتر لەم بەناو "جەنگە هەمیشەییانە"ی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەشداری بکات.

باوەڕ بکەن یان نا، ڕایگەیاند کە بڕیارە لەگەڵ ڕووسیا ڕێکەوتنێک ئەنجام بدات، کە پەیوەندییەکی سەقامگیریی لەگەڵ ڕووسیادا دروست ئەکرد تا سەرنجی لەسەر کێشە ناوەندییەکە چڕتر بکاتەوە، کە بێگومان (چین)ە، وەک لە ماوەیەکی کورتدا ئەیبینین.

بەڕێز جۆزێف بایدن، لەو ماوە کورتەدا کە لە کۆشکی سپیدایە، ڕێک پێچەوانەی ئەو شتەی بەدەستهێنا، کە ڕایگەیاند بڕیارە ئەنجامی بدەم.

ئەمریکییەکان بەشێوەیەکی عەمدی ئۆکراینایان بۆ ململانێیەکی بێمانا لەگەڵ ڕووسیا پاڵپێوەنا، کە ئەکرا بە ئاسانی خۆیانی لێ دوور بخەنەوە. بە ئاسانی، بە دیپلۆماسی سەرەتایی، وەک بۆ نموونە لەشێوازی ئەوەی کە ڕێکەوتن لەسەر ئەوە بکەن کە ئۆکراینا هەرگیز ناچێتە ڕیزەکانی ناتۆوە. بە سادەیی لە ڕاستیدا زێلێنسکی ئامادە بوو ئەم بابەتە لەگەڵ ڕووسەکاندا تاوتوێ بکات. سەرەتا ئامادە بوو زۆربەی ئەم کارانە بکات، تا ئەو پەل و قۆڵەکانی لەلایەن ناتۆ و ئەمریکییەکانەوە بادرا: “متمانە بە پوتین مەکە! هیچ گرێبەستێک لەگەڵ پوتین نییە!” ئێستا بە شێوەیەکی ئاشکرا زۆر ڕوونە کە ئەمریکییەکان دەستئەنقەستانە ئەو شەڕەیان وروژاند.

لە ئێستادا، من وەک شەڕێکی ناپێویست وێنام کردووە. من بە ڕاستی ئەزانم کە هەندێک لە هاوڕێیان، وتنی ئەمە بە شتێکی زۆر سەیر ئەزانن. ئاخر ئەگەر شەڕەکە ڕوویدا ئیتر ئەبێت (جێگایەکی پێداویستیی) داگیر بکات. ئەمە ڕاستە. کاتێک بە خاڵێکی دیاریکراو ئەگەین هەموو شتێک ئەبێتە پێداویستی.

بەڵام ئایا ئەمە، بە مانای ئەوەیە کە نەئەکرا خۆ لە شەڕ لابدرێت؟ ئەمە گریمانەیەکی زۆر هەڵەو زۆر گەمژانەیە کە پێیبگەین. ئێستا پێتان ئەڵێم – و تەنها من نیم کە ئەمە ئەڵێم، زۆر کەس ئەمە ئەڵێن – ئەیانتوانی و ئەبوو خۆیان لێی بەدوور بگرن، بە دانانی هەندێک تەنازولات(دەستبەرداربوون): دەستبەرداربوونی لاوەکی و ناگرنگ.

بەڵام نەخێر، نەخێر، نەخێر: ئەوان پرسی فراوانبوونی ناتۆیان بە بابەتێکی بنەڕەتئ(پرەنسییانە)تر زانی، کە نەیانتوانی دەستبەرداری بن. لە قۆناغی یەکەمدا ئەمە گریمانەیەکی زۆر گەمژانە بوو. بۆچی ئەبێت ئەوەندە گرنگ بێت؟ بەڕاستی گرنگ نییە. بە هەڵە بیریان ئەکردەوە. ئەوان بە هەڵە حوکمیان دا. هەموو دۆخەکەیان بە هەڵە لێکدایەوە.

ئەوان لەو باوەڕەدا بوون کە:

“لێرەدا هەلی شەڕێکی بچووکی خۆشە لەگەڵ ڕووسیادا. ئێمەش بەشدار نابین، و ژیانی هیچ ئەمریکییەک لەدەست ناچێت. با ئۆکراینییەکان هەموو شەڕەکان بکەن. چەک و پارەیان بۆ دابین ئەکەین. چەکی زۆر مۆدێرن و سەرسوڕهێنەرانە، و ئێمە دەرفەتی بردنەوەیان بۆ ئەڕەخسێنین”.

چەکی مۆدێرن و سەرسوڕهێنەرانە وەک تانکی لیۆپارد(Leopard tank)، و تانکی ئەبرامز(Abrams tank)، لەگەڵ فڕۆکە شەڕکەرە نوێیەکان، کە بۆیان دابین ئەکەن، من لێرەدا ئەڵێم ئەی کەواتە چی؟ با ئەم چەکانەشیان ڕادەست بکەن. هیچ جیاوازییەکی نییە.

“ڕووسەکان لاوازن. ژەنەراڵەکانی ڕووسیا بێکەڵکن. ڕووسەکان وەک ئێمە خاوەنی چەکی مۆدێرن نین” لە ڕاستیدا باوەڕیان بە بیرکردنەوەی شێتانەی خۆیان هەبوو – کە تەواو سەرشێنانە بوو!

بەڵام ئایا ئۆکراینییەکان ئەتوانن سەرکەوتن بەدەست بهێنن؟ ئێمە هەر لە سەرتاوە ڕامانگەیاند، لە دۆزەخی شەڕێک لەگەڵ ڕووسیا دەرفەتی سەرکەوتن بۆ ئۆکراینییەکان بوونی نییە. بیرۆکەیەکی گەمژانە بوو و هەر بەو شێوەیەش ئەمێنێتەوە.

ئێستا بە سەیرکردنی ڕەوتی ڕووداوەکان، دەستیان بە تێگەیشتن کردووە،و کەمێک کاتیان ئەوێت. سەرەتا زێلێنسکییان بۆ ناو ململانێیەکە پاڵپێوەنا، کە نەیدەویست. بەڵام لە ئێستا خواستییەتی و ئەیەوێت چونکە پیشەکەی بە شەڕەوە گرێدراوە.

بەلایەنی کەمەوە لە دوو بۆنەدا، ڕێکەوتنیان تێکدا کە ئەکرا ئەنجامی بدەن. ئەگەر هەڵە نەبم، دواهەمینیان لە مانگی نیسانی ساڵی ٢٠٢٢ دا بوو.

گرێبەستەکە لەلایەن هەردوو لایەنی ڕووسیا و زێلێنسکییەوە واژۆ کراوە، پێم وابێت بە نێوەندگیری تورکەکان لە ئیستەنبوڵ. وە دەستئەنقەستانە لەلایەن بۆریس جۆنسۆنی گەمژەوە تێکدرا، کە نوێنەری تەواوەتی چینی دەسەڵاتداری ژیری بەریتانیای ئەکرد، ئەو سەرۆک وەزیرانەی بەریتانیا کە شیاوی بەڕێوەبردنی سێرکەکەی نییە!و باشتر ڕۆڵی لەگەڵ کەسایەتی گاڵتەجاڕێکدا گونجاوترە. بەڵام جۆنسۆن هەرگیز ئەم لێدوانەی نەئەدا، ئەگەرلەلایەن بایدنەوە پشتگیریی نەکرابا. هەرگیزاو هەرگیز. ئیمپریالیزمی بەریتانیا پێگەو هێزێکی کەم گرنگە.

‘برێگزیت [ و: دەرچوونی بەریتانیا لە یەکێتی ئەوروپا]’، ‘سەربەخۆیی’ – چ سەربەخۆیییەک؟ کاتێک بەردەوام پێڵاوەکانی ئیمپریالیزمی ئەمریکایی ئەلێسنەوە؟ ئەوە تۆ باسی چی ئەکەیت؟ واشنتۆن ئەڵێت باز بدەن و ئەوانیش ئەڵێن: تا چەندێک باز بدەین؟ جێگای شەرمەزارییە.

نەخێر، دەستئەنقەستانە تێکیاندا و لە مانگی جونی ساڵی ڕابردوووە ئۆکراینییەکانیان بۆ ئەم شەڕە پاڵپێوەنا. من ناچمە ناو وردەکارییەکان، بەڵام ئەم کارەکەیان کرد.

هۆکارێکی زۆر باشم هەیە تا باوەڕم بەوە هەبێت، و دڵنیام لەو ڕووەوە، کە جەنەراڵ زالوژینی(Valerii Fedorovych Zaluzhnyi) ئەم شەڕەی نەویستووە. فەرماندەی گشتی نەیویست. بۆچی؟ چونکە باش ئەیزانی کە ئەدۆڕێن و باش ئەیزانی کە تێکئەشکێنرێن.

لە کاتی دەستپێکردنی هێرشەکەدا بابەتێکم نووسی، تێیدا ئەوەم ڕوون کردەوە کە تێناگەم بۆچی ئۆکراینییەکان ئەڵێن؛

"ئای، بڕوانن، ڕووسەکان کێڵگەی مینیان دەستکەوتووە. ڕووسەکان کێڵگەی مینیان هەیە. لە کەیەوە؟"

ئایا هیچ شتێکت لەبارەی ئەم کێڵگەی مینانەوە نەئەزانی؟

“ئای، بەرگرییەکی بەهێزیان هەیە؛ هێڵێکی بەرگری بەهێزیان هەیە”.

وە ئایا نەتدەزانی هێڵی بەرگری بەهێزیان هەیە؟

زالوژنی باش ئەیزانی و هەر بەو هۆیەوە دڵخۆش نەبوو. بەڵام دیسانەوە لەلایەن ئەمریکییەکانەوە بۆ نێو شەڕ پاڵی پێوەنرا.

ئەوان باوەڕیان بە قسەی بێماناکانی خۆیان هەبوو کە ئەم ‘چەکە سەرسوڕهێنەرانە’ یارییەکان ئەگۆڕن وەک ئەوەی یاری منداڵان بێت. بە ئاسانی لە ڕووسە بێهیواکانیان ئەبردەوە. شکستیان بە ڕووسیا ئەهێنا. کریمیا(Crimea) و سەرجەم خاکەکانیان ئەگەڕاندەوە. پوتینیان ئەڕووخاند، و ڕەنگە خۆی بکوشتابا یان شتێکی لەو بابەتە، و دواتر هەموویان بە خۆشی و شادی ئەژیان. زۆر باشە، ڕەوتی ڕووداوەکان بە تەواوەتی بەو شێوەیە دەرنەچوون، نەخێر؟

و لەگەڵ ئەوەشدا تۆ ئەم قسە بێمانایە ئەخوێنیتەوە. نازانم هەندێک لە هاوڕێیان کاریگەربوون پێ‌ی یان نا؟ پڕوپاگەندە بوون: بێڕێزیکردن بە ڕووسەکان و ستایشکردنی توانای سەربازی ئۆکراینییەکان. چەند لێدوان و قسەی جێگا زبڵ و بێمانابوون: هەمیشە قسەی بێمانا بوون.

ڕاستە، لە سەرەتای جەنگدا، ڕووسەکان هەندێک هەڵەی خراپیان کرد و باجی ئەو هەڵانەیان دا. ئەوە ڕاستە. هەندێک هەڵەیان کرد؛ هەندێک حیساباتی هەڵەیان کرد. بەڵام لە شەڕدا لە هەڵەکانتەوە فێرئەبیت، ئەوانیش لە هەڵەکانیانەوە فێربوون.

ئەوان هەموو کارەکەیان بە هێڵێکی جیاواز ڕێکخستەوە، ئێستاش لە پێگەیەکی زۆر بەهێزدان. ئەمە خاڵەکەیە.

ئێستا هەڵسەنگاندنی تاریک و بێئومێدانە لەو بارەوە هەن. تەنانەت لە سەرسەختترین کەللەسەرەکانی لەندەن و واشنتۆنەوە ئەوە تۆمارئەکەن کە هێرشەکان بە تەواوی وەک پلان بۆداڕێژراوەکان دەرنەچوون.

ئای، بڕوانە، چەقبەستووییەک (ڕێگاداخرانێک) بوونی هەیە. ڕێگاداخرانێک هەیە”. هاوڕێیان: هیچ ڕێگاداخرانێک بەو شێوەی باسی ئەکەن لە ئۆکراینادا، بە هیچ شێوەیەک بوونی نییە. نەخێر. ڕووسەکان پێشڕەوی ئەکەن و ئەمە شکستێکە بۆیان.

بەڵام وشەی ‘شکست’ لە قوڕگیاندا گیر ئەخوات. ناتوانن بیدرکێنن و بیڵێن، بۆیە لە جیاتی 'شکست' باس لە ‘چەقبەستوویی(ڕێگاداخران)’ ئەکەن. باشتر بە دەمیاندا دێت، وانییە؟ نەخێر جگە لە درۆیەکی ڕیاکارانە هیچی تر نییە.

ئەمە تەنها هەر شکستێکی ئاسایی نەبوو، بەڵکو بە تەواوی شکستێکی تێکشکێنەرانەیە و هەر ئەگەرێکی بەرەنگاری ئۆکراینییەکانی بەرامبەر ڕووسەکان پێچایەوە، و هیچ ئەگەرێکی تریان نییە.

ئەوان تووشی مردنی وەها گەورە بوون، مردنی سەرسوڕهێنەرانە، و تەنانەت ڕۆژنامەکانی ڕۆژئاواش ناچارن دان بەوەدا بنێن کە ژمارەی قوربانییەکان سەرسوڕهێنەرن، ئەگەرچی هیچ ژمارەیەک لەو ڕووەوە بەدەستەوە نادەن.

وە ئەمانە هەموو ئەو سەربازە ڕاهێنراو و بە ئەزموون و شەڕکەرە سەرسەختانە ئەگرێتەوە. هەموویان یان مردوون یان بریندارن و ناتوانن شەڕ بکەن. وە ناشتوانرێت جێگەیان بگیرێتەوە.

ئێستا ڕۆژنامەکانی ئۆکراینا پڕن لە ڕاپۆرتەکانی سوپا و پۆلیس کە گەنجان دەستگیر ئەکەن، و لە یانەکانی شەوانە ئەیانکێشنە دەرەوە و ڕاستەوخۆ بۆ بەرەکانی جەنگ ڕەوانەیان ئەکەن. خەڵکانێکی زۆر چیتر نایانەوێت شەڕ بکەن. خەڵکی ئۆکراینا چیتر باوەڕیان بە هیچ شتێک نەماوە کە حکومەت پێیان بڵێت. ئەوان لەوە تێگەیشتوون کە سەرجەمیان پاکێجێکی پڕ لە درۆن. چاویان لێیە کە تابوتەکان ئەگەڕێنەوە، هەموو ئەمانە ئەزانن و درکیان پێکردووە.

گەنجان نایانەوێت بچنە ناو ڕیزەکانی سوپاوە. من سەرم لەمە ناسوڕمێت. تۆ ئەچیتە ناو سوپاوە، هیچ مەشقێکت پێناکرێت، و ئەگەر بەختێکی باشت بێت دەمانچەیەکت دەست ئەکەوێت، دواتر ڕاستەوخۆ ئەنێردرێیت بۆ بەرەکانی جەنگ، لەوێ ئەگەرو دەرفەتی زۆر باش هەن کە زۆر بە خێرایی بکوژرێیت.

بەڕێزان پڕوپاگەندەکانی ڕابردووم لەبیرن. بڕیار بوو ڕووسەکان مووشەکەکانیان تەواو بێت. ئەوەتان لە بیرە؟ - ئای ڕووسیا مووشەکەکانی تەواو ئەبن. هیچ مووشەکێکیان نییە”.

کەسێکی گەمژە، پێم وابێت لە خزمەتگوزاری ئاسایشی MI5 لە لەندەن، ١٢ مانگ پێش ئێستا وتی سەربازە ڕووسەکان لە باخموت (Bakhmut)بە شۆڤڵ شەڕ ئەکەن. ئەڵێم، هەندێک شۆڤڵ!

واقیعەکە چییە؟ مووشەکەکان لە ڕووسیا کۆتاییان نەهات. ئەوان بەردەوام بۆردومان ئەکەن. مووشەکێکی زۆریان هەیە، پیشەسازییەکەیان بە باشی کارئەکات، مووشەک، تۆپ، تانک، فڕۆکە بەرهەم ئەهێنن – و تانک و فڕۆکەی زۆر باش بە هەمان ئاستی ئەوانەی ناتۆ، ئەگەر باشتر نەبن.

بەڵام ئۆکراینییەکان تەقەمەنییان لە تەواو بووندایە. گوللەی تۆهاوێژەکانیان لە تەواو بووندایە. بەڵێنی ملیۆنێک گوللەیان لە یەکێتی ئەوروپاوە پێدرا، کە هەرگیز وەریان نەگرت. ئەمریکییەکان ئەبوو نیو ملیۆن گوللەیان بۆ قەرز بکەن، کە بۆ ئۆکراینییەکان ڕەوانە کرد. بەڵام ئەوە هیچ سوودێکی نەبوو، بە هیچ شێوەیەک باش نەبوون. ئۆکراینییەکان وەک ئەوەی ( سبەی ڕۆژ ) نەبێت توپهاوێژو ڕاکێت و موشەکەکانیان دەتەقاند، و ڕۆژئاواش ناتوانێت لە دابیکردنی پێداویستییەکانیان بەردەوام بێت.

پێم وایە ئەوە ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز(New York Times) یان وۆڵ ستریت جۆرناڵ(Wall Street Journal) بوو کە چیرۆکە گێڕانەوەیەکی بڵاوکردەوە، کە تێیدا هاتبوو لە بەرامبەر هەر پێنج تا شەش گوللەی تۆپهاوێژدا کە ڕووسەکان بە ئاراستەی بەرەکانی ئۆکراینادا ئەیتەقێنن، ئۆکراینییەکان بەختیان هەیە ئەگەر لە بەرامبەردا بە یەک یان دوو گوللەی تۆپهاوێژ وەڵامیان بدەنەوە. ڕووسەکان بە هێواشی بەڵام بێڕەحمانە پێشڕەوی ئەکەن.

ئەوان هێزێکی گەورەیان لە بەرەکانی جەنگ و لە بێلاڕوس دروست کردووە. کە ئامادەی هەر هێرشێکی گشتین. لەوەی کە بێتە پێش یان نا.

ئەگەر لە چەند مانگی داهاتوودا بێت، ڕەنگە لە مانگی داهاتوو یان دواتردا، هیچ ڕێگەیەک نەمێنێت کە ئۆکراینییەکان بتوانن بەرەنگاری ببنەوە: هیچ ڕێگەیەک نییە. کەواتە هەڵوێستی ئەمریکییەکان چی ئەبێت؟ هەڵوێستی ناتۆ چی ئەبێت؟ ئەگەر بە شێوەیەکی لۆژیکانە مامەڵەیان بکردایە، ئەیانووت، “باشە بڕوانن، ئۆکراینا دۆڕاوە. هیچ بەدیلێکی تر نییە. ئەبێت دانوستان لەگەڵ ڕووسەکان بکەین تا بزانین چیمان لەو ڕووەوە دەست ئەکەوێت"

ئایا وا ئەڵێن؟ نەخێر چی ئەڵێن؟ "بەردەوام بن. پێویستە پشتگیری ئۆکراینا بکەین، ئەبێت چەکی زیاتریان بۆ بنێرین، پێویستە زیاترو زیاتر بۆ ئەم وڵاتە پەرتەوازە و خوێناوییە بنێرین”.

ئەمە تاوانە. ئەمە تاوانی جەنگە: بەردەوامیی لەم کوشتوبڕە ترسناکانە، لە مەترسی لەناوچوونی تەواوەتی ئۆکراینا وەک وڵاتێکی سەربەخۆ. بەڵام ئەوان لەمڕووەوە هیچ گرنگییەکی پێنادەن.

لەسەر جۆ بایدن، ئەبێت لەوە تێبگەین: بێگومان گەمژەترین و بێسەلیقەترین و نەزانترین سەرۆکی ئەمریکایە لە ماوەیەکی دیاریکراوی مێژوویدا. من ئەڵێم سەد ساڵی ڕابردوو، بەڵام بێگومان جۆرج بوش (George W. Bush)مان هەیە، بەڵام بەدوای بوشدا، بایدن زۆر نزیک ئەبێت لێیەوە.

کاتێک دێینە سەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەبینین زیاتر هەمان شتن.

بایدن وەک ئۆتۆمبێلێک وایە کە گێڕی پێچەوانەی نەبێت: “بۆ پێشەوە، بۆ پێشەوە، هێرشکردن”.

کاپتنی کەشتی تایتانیکم بیرئەخاتەوە: "بەپەڕی تواناوە هەر بۆ پێشەوە"

بەڵام جیاوازی هەیە لەگەڵ کاپتنی کەشتی تایتانیک. ئەو پیاوە بەستەزمانە تا ئەو کاتانەی درەنگی کرد، شاخە سەهۆڵینەکەی نەبینی. جۆ بایدن و ڕاوێژکارەکانی ئەیانتوانی ئەو شاخە سەهۆڵینە گەورەیە ببینن کە بەرەو ڕوویان ئەهات ، بەڵام هەر هاواریان ئەکرد: "بەپەڕی تواناوە هەر بۆ پێشەوە"!

نموونەیەکی نایاب ئەوەیە کە ئەو لەگەڵ حوسییەکان کردوویەتی، کە ئێمە دێینە سەری. ڕۆژنامەنووسێک لە بایدن پرسی “ئایا هێرشکردنە فڕۆکەییەکان لە یەمەن کاری خۆیان ئەکەن؟” سەرۆکی ئەمریکا وەڵامی دایەوە (ئەبێت ئەم قسەیە بچێتە مێژووەوە):

- باشە، تۆ پرسیاری ئەوە ئەکەیت کە کاری خۆیان ئەکەن، ئایا حوسییەکان ئەوەستێنن؟ نەخێر. ئایا هێرشکردنەکان هەر بەردەوام ئەبن؟ بەڵێ"

بۆ خاتری چاکە، ئەمە سنووری شێتی‌یە. ئەگەر شتێک کار نەکات، ئەنجامەکەی ئەوەیە... کە تۆ بەردەوام بیت تیایدا!

گوێم لێبوو ئۆباما چەند هەفتەیەک لەمەوبەر چووە سەردانی بایدن و هەوڵیدا ڕازی بکات سیاسەتەکەی بگۆڕێت. کات بەفیڕۆدانی تەواو بوو. بایدن گوێ لە کەس ناگرێت.

بەڵام بۆ کورتکردنەوەی پرسی ئۆکراینا: ناتۆ تووشی شکستێکی زەلیلکەرانە بووەتەوە.

لەسەر ئەو قسە بێمانا نەفرەتییانەی سەبارەت بە ‘چەکی سەرسوڕهێنەر’، وەک تانکی لیۆپارد ئەکرێن: چی بەسەر ئەم تانکە نەدۆڕاوانەدا هات؟ ئەتوانن بە ئۆنلاین بیانبینن، ئەگەر حەزتان لێیە، لە بڵێسەی نێو ئاگرەکاندا وێران بوون،لە نێوەندی کێڵگە مینەکانی ڕووسیادا تێکشکێنراون.

شەرمەزارییەکی تەواوەتییە بۆ سوپای ئەڵمانیا، و ئێستا ئۆکراینا لە ناوخۆی ئەڵمانیادا کاریگەری گەورەی هەیە. من زۆر لەو پارتە چەپە نوێیە نازانم کە لەوێ سەرهەڵئەدات، بەڵام شتێک ڕاستە: ئەوان دژی شەڕی ئۆکراینان.

بڕیار وابوو ئەم بزنسەی ئۆکراینا، بێهێزی و لاوازی ڕووسیا نیشان بدات. بەڵام هیچ شتێکی لەو جۆرە نیشان نادات. وەک ئەوەی پێشبینیمان کردبوو هەموو سزاکان بە شێوەیەکی بەدبەختانە شکستیان هێناوە. ئابووری ڕووسیا هێشتا بەرەو پێشەوە ئەڕوات.

نازانم ئەوە چەند ئەخایەنێت، بەڵام بەرەو پێشەوە ئەڕوات. و هەموو ئەم ‘چەکە سەرسوڕهێنەرانە’ وەکو خەڵەتاندنێک ئاشکرابوون. جێگای شەرمەزارییە، بەڵام لاوازی ناتۆ نیشان ئەدات.

ئەوە ڕووسەکان نین کە مووشەک و تۆپخانەیان تەواو ئەبێت. بەڵکو ئەوە لاوازکردنی ئەمریکییەکان و بەهەدەردانی یەدەکەکانیانە.

ئێستا ڕۆژانە بابەتگەلێک بڵاو ئەکرێنەوە، کە تیایدا ژەنەڕاڵەکانی ڕۆژئاوا گلەیی لە بارودۆخی بەدبەختانەی هێزە چەکدارەکان ئەکەن، بۆ نموونە لە بەریتانیا و فەرەنسا و ئەڵمانیا. ئێستاش ئەمریکییەکان و ناتۆ داوای ئەوە ئەکەن کە هەموو ئەم حکومەتانە ئەبێت دارایی زیاتر بۆ چەک لەپێناو بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشەی ڕووسیا خەرج بکەن، کە هیچ بوونێکی نییە(ئەمە کلیلە پرسیارێکەو ئەبێت زیاتر لە بارەیەوە بدوێین). هیچ هەڕەشەیەکی ڕووسیا بۆ سەر هیچ وڵاتێک جگە لە ئۆکراینا، بوونی نییە.

ئۆکراینا ئێستا دۆڕاوە. ئێستا لە دانیشتوانی ئۆکراینادا، مەزاجێکی ڕەشبینی و شکستی هەیە. بێگومان بە شێوەیکی ڕەهایی لە پوتین توڕەن، بەڵام ئێستا لە زێلێنسکی و زالوژنییش توڕەن، کە لە بەیەکداداندان.

مەزاج لە ئۆکراینا لە ڕاستیدا دووگیانە بە کاریگەرییە شۆڕشگێڕییەکان. لە بنەڕەتدا شەڕی نێوان دەوڵەمەند و هەژارەکانە: ئەو هەژارانەی کە لە بەرەکانی جەنگ کشتوبڕ کراون، منداڵە گەنجەکانی خێزانە هەژارەکانن. دەوڵەمەندەکان ئەتوانن ڕێگەی دەربازبوونیان لێ بکڕن یان بەرەو دەرەوەی وڵات هەڵبێن. لەمڕووەوە گەندەڵی بازنەی دەسەڵاتداران بە زێلێنسکیشەوە بەناوبانگە.

بەڵام پێئەچێت مەزاجی گشتی لەم قۆناغەدا زۆر خەمۆکانە بێت، بە دڵنیاییەوە بەراورد ناکرێ لەگەڵ بارودۆخی سەرەتای ململانێکان. ئەوەی ئۆکراینییەکان لە سەرەتادا ئامادەبوون بۆ شەڕکردن و ئامادەبوون بۆ قوربانیدان. چیتر ئەوە بوونی نەماوە.

وڵاتێکی لەو جۆرە ناتوانێت بەرەنگاری هێرشی ڕووسیا ببێتەوە. لەوانەیە هێرشی ڕووسەکان ڕوونەدات. بۆچی ئەبێت ڕووبدات؟ ڕووسەکان هیچ پەلەیەکیان نییە.

ئەتوانن چاوەڕێ بکەن، لە هەمان کاتدا ئۆکراینا بەو مووشەکانە بۆردومان ئەکەن. تا چی؟ تا چەندایەتی بۆ جۆرایەتی ئەگۆڕێت، و ئەبێتە هۆی داڕمان( کە تەواو ئەگەری هەیە) و خۆبەدەستەوەدان، (کە ئەمەش تەواو ئەگەری هەیە).

ئەم دژایەتییە کۆمەڵایەتیانە لە دابەشبوونێکی ئاشکرای ڕژێمەکەدا ڕەنگ ئەداتەوە. زێلێنسکی و زالوژینی چیتر قسە لەگەڵ یەکتر ناکەن. پێم وابێت لە مانگی دیسەمبەردا بوو کە زێلێنسکی نامەیەکی بۆ زالوژینی ڕەوانە کرد. بڕیارە زالوژنی فەرماندەی گشتی بێت، بەڵام زێلێنسکی هەموو متمانەیەکی پێی لەدەستدا و داوای دەستلەکارکێشانەوەی لێکرد.

زالوژنی نامەیەکی بۆ فەرماندەی گشتی خۆی ناردەوە، کە ئەتوانرێت بە وردی وەربگێڕدرێتە سەر ئینگلیزی باشووری وێڵز بەم شێوەیە: “بڕۆ لەنێو دەریاچەکەدا باز بدە!”

ئەوەی لە ڕاستیدا ئەیووت ئەوە بوو، " بڕوانە، من دەست لە کار ناکێشمەوە،و ئەگەر لە کارەکەم دوورم بخەیتەوە،ئەوا ئەبێت دەرئەنجامەکانیشی قبوڵ بکەیت”.

ئەمە زۆر زیاترە لە یاخیبوون. ئەمە هەڕەشەی کودەتایەکە. شتەکان بەم شێوەیە خراپ بوون. پشتیوانی زێلێنسکی خەریکە دائەڕمێت و دوژمنەکانی ئامادەن بۆ لەناوبردنی.

شەڕ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

لەناکاو لەناو ئەم گێژاوەدا قەیرانی غەززە سەری هەڵدا. ئێمە لە بەڵگەنامەکانماندا بە تەواوی مامەڵەمان لەگەڵ ئەم پرسەدا کردووە، منیش مامەڵە لەگەڵ وردەکارییەکان ناکەم، کە بە باشی ناسراون.

بەڵام جارێکی تر: هەڵوێستی ئەمریکا چییە؟ لە هەواڵەکاندا سەرنجی شتێکی سەیرم داوە: ئێران تاوانبار ئەکەن. دووبارەی ئەکەنەوە: “ئەوە ئێرانە، ئێرانە، ئێرانە”. ئەمە هەروا ڕووداوێک نییە.

ماوەیەکی زۆرە لە ئەمریکا ڕێکەوتنی گشتی هەیە: هەم کۆمارییەکان و هەم دیموکراتەکان ئێران بە کێشەی سەرەکی خۆیان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەزانن، کێشەیەک کە ئەبێت مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت.

من هیچ گومانێکم نییە کە ئەمە بەرەو کوێ ئەڕوات. بۆچی بایدن یەکسەر دوو فڕۆکەی هەڵگری ڕەوانەی ناوچەکە کرد؟ یەکێکیان بەرەو ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست و یەکێکیان بەرەو دەریای سوور. من بیانووەکان ئەزانم: تا پەرەسەندنی شەڕ ڕابگرم؟ باشە هاوڕێیانم، ئەگەر مەبەست ئەمە بووبێت – ڕەنگە مەبەستەکەش وابووبێت – بەڵام ئەوان بە تەواوی پێچەوانەکەیان بەدەستهێنا.

بەڵام هیچ گومانێک لە بیرکردنەوەمدا بەدی ناکەم کە لانیکەم باڵێکی ئیدارەی ئەمریکا ئەم ململانێیەی غەززەی وەک بیانوویەکی تەواو بۆ هێرشکردنە سەر ئێران چاو لێئەکات. من لەوە دڵنیام. گومانم لەوە نییە کە هەمیشە نیەتیان ئەمە بووە.

هۆکاری ئەوەی کە ئەوان بەو خێراییە نەیانکردووە، لەبەر ئەوەیە کە ئەوانی تر ئەیانووت، “بە یەک چرکەوە بەندە. ئەمەش لێکەوتەی ئەبێت”. وە لێکەوتەشی ئەبێت.

ئایا جێگەی سەرسوڕمانە کە ئەمریکا پشتگیری ئیسرائیلی کرد؟ بە هیچ شێوەیەک شتێکی سەرسوڕهێنەر نەبوو، ئەمە بە تەواوی حەتمی بوو. بەڵام ئایا بۆ جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا، حەتمی بوو. یەکسەر، بەبێ ئەوەی تەنانەت بیریش بکاتەوە، باز بداتە نێو فڕۆکەیەک، بەرەو ئیسرائیل بچێت، و بە ئاشکرا لە باوەشی ناتانیاهۆ لە میدیاکان لەبەردەم هەموو جیهاندا، ڕاگەیاندنێک بڵاو بکاتەوە کە "ئێمە بێ مەرج پشتگیری ئیسرائیل ئەکەین"، و بەم کارەش چێکێکی سپی(blank cheque) بەم ئەهریمەنە (ناتانیاهۆ) بدات تا هەرچییەک بیەوێت ئەنجامی بدات؟

چ پێویستییەک هەبوو تا کارێکی وا بکات؟ بێ هیچ پێشینەیەک، نەبیستراو بوو. بە کردارەکانی دەستی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکای بە تەواوی بەستەوە. ناتوانن لەوەش پاشەکشە بکەن.

ڕاستەوخۆ، وڵاتانی تری (چەشنی سعودیەیان) نامۆ کرد کە لە ساڵی ١٩٤٥ەوە. هاوپەیمانێکی سەرەکی ئیمپریالیزمی ئەمریکان. ئەو هاوپەیمانییە تەنانەت پێش ٧ی ئۆکتۆبەریش زۆر لەرزۆک بوو. سعودییەکان لەسەر نرخی نەوت سەرپێچییان لە ئەمریکییەکان کردبوو، کاتێک ویستیان هەڵیپەسەرێن یان کەمی بکەنەوە. سعودییەکان وەڵامیان دایەوە، بە زمانی عەرەبی پوخت، کە پێموایە ئەتوانرێت دیسانەوە وەربگێڕدرێتە سەر شێوەزاری باشووری وێڵز بەم شێوەیە: “بڕۆ لە نێو دەریاچەکەدا باز بدە”

هەروەها ڕەتیانکردەوە پشتگیری ئەمریکییەکان لە ئۆکراینادا بکەن. ئەوان لە ڕووسیا و تەنانەت لە ئێرانیش نزیکتر بوون، لە ڕاستیدا و لە ئیسرائیل دوورکەوتنەوە. ئەمەش بەو مانایەیە کە هەموو ئەو سیاسەتەی کە ئەمریکییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەوڵیان بۆ ئەدا تا پێکەوەی گرێ بدەن،پارچە پارچە بووە.

لێکەوتەی گەورە لەمەوە ئەڕژێت. هیچ سوودێکی نییە زیاتر باس لەو کۆمەڵکوژییە ترسناکە بکەین کە لە غەززە ڕوویداوە. بە تەواوی دڕندانەیە. ناتانیاهۆ ئەهریمەنێکە. کە بەدوای ئەجێندای خۆیدا ئەگەڕێت – ئەجێندای تایبەتی خۆی – و مەرج نییە لەگەڵ بەرژەوەندییەکانی چینی دەسەڵاتداری ئیسرائیلدا یەکبگرێتەوە.

دوو ئامانجی هەیە: تێکشکاندنی حەماس، و چەسپاندنی دەسەڵات و ڕێگریکردن لە چوونە زیندانی خۆی. ئەم دوو ئامانجە زۆر ڕوونن و لە پێناویاندا بەردەوام ئەبێت. بەڵام چەند مانگێک بەسەر ئەم ململانێ ترسناکەدا تێپەڕێ و بەو شێوەیەی کە بەڵێنیان دابوو حەماسیان تێکنەشکاندووە. ، لانیکەم بە تەواوی تێکی ناشکێنن. ئەوە مەحاڵە.

ئەوەی ئەوان بەدەستیان هێناوە، وروژاندنی هەموو ناوچەکەیە، تەنانەت بەبێ هێرشکردنە سەر ئێران، کە پێموایە، لە کاتی خۆیدا ڕووئەدات.

لەم نێوەندەدا ئەم کۆمەڵکوژییە، ئەم کوشتوبڕینەی خەڵکی سڤیل، بەردەوام ئەبێت. دوو ڕێگا لەو بارەیەوە نییە: ئەمە تاوانی جەنگە. من بەگشتی زاراوەی ‘جینۆساید’ بەکارناهێنم، بەڵام ئەگەر جینۆساید نەبێت، ئەوە شتێکە کە زۆر لێیەوە نزیکە.

جارێکی تر دووڕوویی ڕۆژئاوا ئەبینین کە نمایش ئەکرێت. هەر زۆر زوو بەدوای دەستپێکردنی شەڕ لە ئۆکراینادا، یەکسەر چوونە دادگای نێودەوڵەتی. بەڕێزان بێ ئەوەی هیچ ڕاستیەک لە دڵنیابوونەوە لەوەی کە ڕووسەکان دەستئەنقەستانە هاوڵاتیانی مەدەنی ئۆکراینایان کوشتبێت. کە ناڕاست بوون و ڕاستەوخۆ پوتینیان بە ‘تاوانی جەنگ’ تۆمەتبار کرد؛ و، دەستبەجێ فەرمانی ئاگربەستیان دا.

دەربارەی ئەم بازرگانییە لە لایەکی ترەوە، کە حکومەتی ئەفریکای باشوور باسێکی وردی لەسەر ئەو کوشتوبڕانەی کە ڕووئەدەن بەرهەمهێنا؟ پرسی ئاگربەست لە ئارادا نییە. بەڵکو دادگای نێودەوڵەتی تاوانەکان ڕایگەیاند کە "ئەتوانن بەردەوام بن، بەڵام ئەبێت ڕێوشوێنێك بگرنەبەر تا کەمتر هاوڵاتیانی مەدەنی بکوژن" چ گاڵته‌جاڕییەکه، و هێشتا پرسێک لەسەر ئاگربەست نییە.

ئەگەر هەر گومانێکت لە کاریگەری ئیمپریالیزمی ئەمریکی بەسەر ئەم ئۆرگانەدا هەیە، زۆر باشە، بەڵگە هەیە.

کەواتە، ئەم کوشتوبڕە بڕیارە بەردەوام بێت. تا دۆخەکە خراپتر بێت، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، مۆساد، پۆلیسی نهێنی ئیسرائیل، ڕاپۆرتێکی بەرهەمهێنا کە دەیان کەسی لە کارمەندانی فریاگوزاری نەتەوە یەکگرتووەکانی بە جۆرێک لە تێوەگلان لە ڕووداوەکانی ٧ی ئۆکتۆبەردا تۆمەتبار کرد. بە ڕوونی درووستکردنێکە. بە ڕوونی مانۆڕێکە. لەبەرامبەردا حکومەتەکانی ڕۆژئاوا دەستبەجێ هاوکاری ئەو کەسانەیان بڕییەوە کە لە برسێتیدا ئەمرن. دەستبەجێ. هیچ پرسێک لە هیچ لێکۆڵینەوەیەک نییە. ڕاستییەکان بزانە؟ نەخێر،نەخێر، نەخێر.

ئەگەر هەرگیز داوای بەڵگەی دڕندەیی خراپی و دڵڕەقی زلهێزە ئیمپریالیستەکان، لە وڵاتانی بەناو دیموکراسی ڕۆژئاواییتان کردبێت، ئیتر ئا ئەمەیە. هەموو ئەمانە لێکەوتەیان هەیە.

پەیوەندییە جیهانییەکان

ڕووداوەکان بە تایبەتی لە ئۆکراینا و غەززە ئێستا زۆر خێراتر بوون کە ئەتوانیت وەک گۆڕانکارییەکی بومەلەرزەیی لە پلێتە تەکتۆنیکییەکانی پەیوەندییە جیهانییەکاندا وەسفیان بکەین.

بۆ ماوەیەکی زۆر ئەم پەیوەندیانە هەڵپەسێردراو بوون. تا ئەو کاتەی یەکێتی سۆڤیەت هەبوو، هاوسەنگییەکی بەهێز بوو لە دژی ئیمپریالیزمی ئەمریکا. بەڵام ڕووخانی یەکێتی سۆڤیەت گۆڕانکارییەکی بومەلەرزەیی بوو.

بۆ ماوەیەک ڕووسیا بێ تواناو بێ دەسەڵات بوو. ئیمپریالیزمی ئەمریکا تاکە زلهێز بوو لە جیهاندا. بەڵام لەگەڵ دەسەڵاتی گەورەدا خۆبەزلزانینیەکی گەورەش سەرهەڵئەدات.

جۆ بایدن بەرهەمی ئەو قۆناغەیە، هەروەها بەرهەمی شەڕی ساردیش. وەسوەسەی ڕقێکی قووڵی لەدژی ڕووسیا هەیە. وە خەیاڵپڵاویی بیرۆکەی دەسەڵاتی ئەمریکای هەیە. ئەو درکی بەوە نەکردووە کە لە ئێستادا ئەو دەسەڵاتە لە جیهاندا دەستی بە بچووکبوونەوە کردووە.

لە پەیوەند بە ئۆکرایناوە بەردەوام ئەوە دووبارە ئەکەنەوە کە ڕووسیا لە جیهاندا گۆشەگیرە. ئایا ئەمە ڕاستە؟ ڕاست نیە. ڕووسیا تەنها لەلایەن گروپێکی بچووکی زلهێزە ئیمپریالیستەکانەوە لە ئەوروپا و لەگەڵ ژاپۆن و کەنەدا گۆشەگیرە.

بەم بۆنەوە، چ چەقەڵێکی قێزەونە چینی دەسەڵاتداری کەنەدا. ئایا ئەوان توخمێکی ڕەتکەرەوە نین؟ ‘لیبراڵەکان’. پێموایە ڕقم لە لیبراڵەکانە زیاتر لەوەی ڕقم لە کۆنسێرڤاتیڤەکان بێت، هەرچەندە بەهەر حاڵ وەک یەکن. تاکە جیاوازی ئەوەیە کە باندێکیان بە ئاشکرا کۆنەپەرستانەن، لە کاتێکدا ئەوانی تر بێئابڕوویەکی دووڕوون کە کاردانەوەی خۆیان لە پشت دەمامکی ساختەی لیبرالیزمەوە ئەشارنەوە.

بەڵام یانەی ئەم دەوڵەمەندانە ناتۆ، جیهان نییە. لە باقی جیهاندا ڕووسیا گۆشەگیر نییە. بەڵکو ئەوە ئەمریکایە کە گۆشەگیرە و تا دێت زیاتریش گۆشەگیر ئەبێت.

باسم لە سعودیە کرد، بەڵام وڵاتانی تریش هەن. بۆ نموونە تورکیا. چیت پێخۆشە لەسەر ئەردۆگان بیڵێ، بەڵام ئەو کاری خۆی ئەکات. ئەو چیتر گرنگی بەو شتانە نادات کە ئەمریکییەکان ئەیڵێن.

ئەگەر بە کورتی بگەڕێینەوە بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، گرنگترین دەرەنجام بۆ دۆخەکە ئەمەیە: ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەمیشە بەرمیلێک لە باروت بووە، و تەنها پێویستی بە پریشکێک هەبوو تا بتەقێتەوە. ئەم ڕژێمە عەرەبیانە زۆر سەقامگیر نین. کۆمەڵێکیان زۆر لە ئەمریکا نزیکبوون و ئەمەش خاڵی لاوازیان بووە.

ئێستا جەماوەر لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لە بارودۆخی مەزاجێکی تووڕەییدایە. تووڕەییەکی ڕەها. و ئەمەش بێگومان ئاراستەی ئیسرائیل ئەکرێت و بە ناچاری دژی ئەمریکاش. بەڵام تادێت بەرەوڕووی حکومەتەکانی خۆیان ئەبێتەوە کە بەهۆی ئەم پەیوەندییە ژەهراویەوە پیس و ژەهراوی بوون. ئەوان لە کێشەیەکی قووڵدان. ئەمەش ئەوەمان بۆ ڕوون ئەکاتەوە کە بۆچی قەتەرییەکان و ئەوانی تر بە نائومێدیەوە هەوڵئەدەن جۆرێک لە ڕێکەوتن بەدەستبهێنن بۆ ناردنی هاوکاری بۆ فەلەستینییەکان.

بێگومان هیچ جیاوازییەکی نییە. نەتانیاهۆ تەنها بەردەوامە. هیچ بایەخێک بە بڕیارەکانی دادگای نێودەوڵەتی نادات. دەیان ساڵە ئیسرائیل هیچ بایەخێکی بە هیچ شتێک نەداوە کە لە نەتەوە یەکگرتووەکانەوە دێتەدەر. بگرە هەموو ئەم بڕیارنامانە بۆ مافی فەلەستین لەپێناو سڕینەوەیان بەکارئەهێنن.

شەڕ بەردەوام ئەبێت، بەڵام ئەم مەزاجەی جەماوەر خەریکە ئەگاتە ئاستی تەقینەوە، بەو سیاسەتە شێتانەیەی کە ئەمریکییەکان پاڵیان پێوە ئەنێت. ئایا ئەمریکییەکان ئەمەیان ئەوێت؟ نەخێر، ئەوان نایانەوێت. ئایا لە بەرژەوەندی ئەواندایە؟ نەخێر لە بەرژەوەندی ئەواندا نییە. بەڵام ئەوان بەردەوام بە کردەوەکانیان پاڵ بەو ئاراستەیەوە ئەنێن، بە بۆردومانی گەمژانەی حوسییەکان.

دیسانەوە ڕووسەکانیان بە کەم سەیر کرد؛ ئێرانییەکانیان بە کەم سەیر کرد؛ حوسییەکانیشیان بە کەم سەیر کرد. چیت پێ خۆشە لەبارەی حوسییەکانەوە بیڵێ، بەڵام ئەوان کۆمەڵەیەکی سەختن. ئەوان هێزێکی شەڕکەر و بە دیسپلینکراون.

بەڵێ لە لایەن ئێرانەوە پاڵپشتی ئەکرێن. ئایا لە هەواڵەکاندا تێبینیت کردووە؟ هەر کاتێک باسی ئەو گرووپانە ئەکەن، ئەڵێن “حەماسی سەر بە ئێران”، “حوسییەکانی سەر بە ئێران”، “حزبوڵڵای سەر بە ئێران”. ئایا هەرگیز ئەڵێن، “ئیسرائیلی پشتیوانیکراوی ئەمریکا”؟ تا ئێستا ئەوەت بیستووە؟ چونکە بە دڵنیاییەوە من هەرگیز نەمبیستووە.

بەڵام بەڕێزان لێرەدا هاوتەریبییەکی دیاریکراو هەیە. ئیسرائیل بریکاری ئیمپریالیزمی ئەمریکایە، بەڵێ. ئەم گرووپانە – حوسییەکان، حیزبوڵڵا – بەڵێ، ئەوان بریکاری ئێرانن. لە ئێرانەوە یارمەتی وەرئەگرن، بەڵێ.

بەڵام، ئایا ئەمریکییەکان ئیسرائیل کۆنترۆڵ ئەکەن؟ ئایا ئەوان کۆنترۆڵی نەتانیاهۆ ئەکەن؟ نەتانیاهۆ وەکیلی ئەوانە، بەڵام ئەوان کۆنترۆڵی ناکەن. ناتوانن کۆنترۆڵی بکەن و ئەوەش ڕاستییەکە. لە ڕاستیدا ئەمریکییەکان، ئێستا، وێنەیەکن لە داماویی.

بەڵام لێرەدا خاڵێکی سەرنجڕاکێش ئەخەینەڕوو. هەموو کاتێک، بە ڕوونی بەرەو هێرشکردنە سەر ئێران ئەڕۆن. هەر بۆیە هەمیشە لە میدیاکاندا دووبارەی ئەکەنەوە، “ئێران پشتگیری ئەمەی کردووە”، “ئێران پشتگیری لەوە کردووە”، “ئێران شتێکی تری کردووە”. ئەوە ئامادەکارییەکەیە.

ئەوان بەردەوام ئەبن لە هێرشکردنە سەر حوسییەکان، بەڵام هەڵەیەکی گەورەیان کردووە. سەیرکە حوسییەکان دەیان ساڵە شەڕ ئەکەن. خاوەن دیسپلینێکی توند و تیژن. بۆ ماوەی 10 ساڵ بەرەنگاری دڕندەترین بۆردومانی هێزی ئاسمانی سعودیە بوونەتەوە، کە لەلایەن بەریتانیا و فەرەنسا و ئەمریکاوە پاڵپشتی ئەکرا. ئێستا بڕوانن، بۆ ڕێکخراوێک کە توانای ئەوە بکات، پرسیارێکتان لێئەکەم: باوەڕتان وایە حوسییەکان بۆ یەک خولەک سەرسام ئەبن بە یەک دوو بۆمبی فڕۆکە بەریتانی و ئەمریکییەکان؟ بێگومان سەرسامیان ناکات. وەکو دەرزیئاژنێک وایە بۆیان. ئەوان تۆکمەن لە تونێڵ و هاوشێوەکانیدا.

لە ڕاستیدا ئەگەر کەسێک لە حوسییەکان بپرسێت: "ڕات چییە لەسەر ئەم بۆمبانە؟"، ئەوا وەڵامیان ئەداتەوە کە "ئێمە تەواو دڵخۆشین، لە ڕاستیدا. ئێمە دڵخۆشین، چونکە ئێستا لە کۆتاییدا شەڕ لەگەڵ دوژمنە ڕاستەقینەکە ئەکەین، کە ئەمریکایە.”

کەواتە، بۆردومانەکە هیچ کاریگەرییەکی نابێت. بایدن دانی بەوەداناوە کە هیچ کاریگەرییەکی نییە. کەواتە، لە خۆت بپرسە: هەنگاوی لۆژیکی داهاتوو چییە؟ ئا ! ئەگەر جۆ بایدن لێرە ئامادە بووایە، ئەوا هەنگاوی لۆژیکی داهاتوو بریتی بوو لە دانوستان لەگەڵ کەسێک. دانوستان لەگەڵ یەکێک، لە پێناوی مەسیحدا، تا لەم گێژاوە دەربچین، فشار بخەنە سەر نەتانیاهۆ تا شەڕ بوەستێنێت! بەڵام ناتوانن ئەوە بکەن!

هەنگاوی نالۆژیکی داهاتوو – بەڵام هەنگاوێک کە ئەوان ئەیگرنەبەر، بە هەموو ئەگەرێک، بە بڕوای من – بۆردومانکردنی ئێرانە. نەک ئۆپەراسیۆنی وشکانی: پلانی لەشکرکێشییەکی زەمینی بۆسەر یەمەن یان ئێرانیان نییە. ئەمە ناتوانرێت، ئەوان ناتوانن بیکەن.

بەڵام ئەگەر ئێران بۆردومان بکەن، ئەوە جددیترین لێکەوتەی ئەبێت. ئەگەر حوسییەکان دوژمنێکی ترسناک بن، ئێرانییەکان هەزار جار ترسناکترن. وە ئەوان ئامرازەکانیان هەیە تا ژیان بۆ ئەمریکییەکان لە هەموو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا زۆر سەختتر بکەن.

نزیکەی مانگێک لەمەوبەر، پێموایە، نەسروڵڵا، سەرۆکی حزبوڵڵا، وتارێکی گشتیی پێشکەش بە ئەمریکییەکان کرد، دوای ئەوەی سەرکردەیەکی حەماسیان لە بەیروت کوشت.

من زۆر دڵنیام نەسروڵڵا هەوڵئەدات حزبوڵڵا ڕابگرێت، بەڵام حزبوڵڵا ئەیەوێت شەڕ بکات. ئەو نایەوێت شەڕ لەگەڵ ئیسرائیلدا ڕووبدات، بەڵام ئەمریکییەکانی ئاگادارکردەوە:

- باشترە ئاگادار بیت لەوەی کە چی ئەکەیت. ئەگەر هەنگاوێکی هەڵە بە ئاراستەی ئێمەدا بنێیت، بە توندی لێت ئەدەین. ئێمە ئەتوانين ئەمە بكەين."

بە ڕوونی پێی وتن: “خۆ ئەزانن مەبەستم چییە”. نازانم مەبەستی چی بوو، بەڵام ئەمریکییەکان کە بنکەیان لە هەموو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەیە، بە دڵنیاییەوە ئەوە ئەزانن کە مەبەستی چییە.

شتە سەرنجڕاکێشەکە ئەمەیە: ئێرانییەکان لەوە تێئەگەن کە چی ڕووئەدات و ڕێوشوێنی خۆیان گرتووەتەبەر. مووشەکی دوور مەودایان ئاراستەی ئامانجەکانی سوریا و عێراق و پاکستان کردووە. چی سەرنجڕاکێشە لەوەدا؟ ئەوەی ئەوان کردوویانە ئەوەندە سەرنجڕاکێش نییە کە نەیانکردووە. یەک بنکەی ئەمریکی هێرشی نەکرایە سەر. یەک ژیانی ئەمریکی لەدەست نەچوو.

هۆشدارییەک بوو بۆ ئەمریکییەکان: “ئەبینن ئێمە توانای چیمان هەیە؟ ئەتوانین لە هەر ئامانجێک بدەین”.

بەڵام ئێستا ئەم هێرشەی ترمان هەیە کە بەر بنکەیەکی بچووکی ئەمریکی کەوت. نازانم کێ بەرپرسیارە. ئەوە ڕاستەوخۆ ئێرانییەکان نەبوون بەڵکو یەکێک بوو لەم گروپانەی لایەنگری ئێرانن. ئەمە یاریکردنە بە ئاگر. ئەمریکییەکان خۆیان ئامادە ئەکەن. پێموانییە هیچ گومانێک لەوەدا هەبێت.

هێرشی ڕاستەوخۆ بۆ سەر ئێران، هەموو ناوچەکە ئاگر تێبەرئەدات. بەم بۆنەیەوە، سەرەڕای ئەوەی جەماوەری خەڵک ڕقیان لە مەلاکانە، هیچ هەڵەیەک لەو بارەیەوە مەکەن، ئەگەر ئێران لەلایەن ئیسرائیل یان ئەمریکاوە هێرشی بکرێتە سەر، جەماوەری خەڵک کۆئەبنەوە بۆ بەرگریکردن لە وڵات.

ئەو دەرەنجامەی کە ئەبێت بیگرینەبەر ئەمەیە: لە ئێستادا یەک تاکە ڕژێمی سەقامگیر لە هەموو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بوونی نییە. هیچ کەس. وە ئەو ڕێڕەوەی ڕووداوەکان ئەیگرنەبەر، بە ئاسانی ئەتوانێت ببێتە هۆی تەقینەوەی شۆڕشگێڕانە لە وڵاتێک لە دوای وڵاتێکی تر، لە ڕووخاندنی ڕژێمێکی ڕزیوی عەرەبی لە دوای یەک. بە واتایەکی تر، ئەگەری ئەوە هەیە کە دووبارەکردنەوەی شۆڕشی عەرەبیمان هەبێت.

ئه‌وه‌ ئه‌گونجێت. ئەبێت ئامادەبین بۆ دراماتیکترین ڕووداوەکان. هەموو دۆخەکە دووگیانە بە کاریگەرییە شۆڕشگێڕییەکان.

بۆ گەڕانەوە بۆ پەیوەندییە جیهانییەکان: هیندستان و سعودیە و ئەردۆگان لە تورکیا، هەموویان لە کایەی نفوزی ئەمریکا دوور کەوتوونەتەوە.

یەکەم کاریگەری سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا پێچەوانەی ئەوەیە کە ئەوان ئەیانویست. لەبری ئەوەی ڕووسیا لە چین جیابکەنەوە کە بیرۆکەی ترەمپ بوو، ئێستا سەرکەوتوو بوون لە یەکخستنیان، زۆر بە توندی.

کاریگەری تریشی هەیە. کۆریای باکوور بەرەو ڕووسیا هەنگاوی ناوە. ئەوان مادەی سەربازی و کاڵا و زانیاری ئاڵوگۆڕ ئەکەن، ئەمەش پێگەی کۆریای باشوور تێکئەدات.

ئەوەی تەواو جێگەی پێکەنیناوی‌یە، ئەمریکییەکان تازەکی نیو ملیۆن گوللەیان لە کۆریای باشوور وەرگرتووە تا بیدەن بە ئۆکراینییەکان، لە هەمان کاتدا کە پیاوی موشەکی بچووک، کیم جۆنگ ئون(Kim Jong-Un)، لەناکاو ڕایگەیاندووە کە بە نیازە دەستووری کۆریای باکوور بگۆڕێت و تیایدا کۆریای باشوور وەک دوژمن بناسێنێت. لەوانەیە پێکەنیناوی بێتەبەرچاو. پێم وانییە خەڵکی کۆریای باشوور بە شتێکی پێکەنیناوی بزانن.

پاشان بێگومان پرسە بچووکەکەی تایوان هەیە. ئەوەش ناڕەحەتییەکی تری بەدوای خۆیدا هێناوە لەگەڵ هەڵبژاردنەکانی ئەم دواییانەدا -تەنها یەک دوو هەفتە لەمەوبەر-، کە تیایدا لایەنێکی لایەنگری سەربەخۆیی هەڵبژێردراوە.

ئێستا ئەمە ئیتر ڕاوەشاندنی پەڕۆ سوورەکەیە بۆ گاکەی چین، کە تایوان بە پارێزگایەکی یاخیبووانی جیابووەوەی خۆیان ئەزانن.

پێموانییە لە ڕاستیدا مەترسی داگیرکردنی چینیی یان شەڕ هەبێت، بەڵام بە دڵنیاییەوە خۆیان ئامادە ئەکەن. باشتر بوو حکومەتی تایوان زۆر وریا بێت کە ئەوان چی ئەکەن.

لەگەڵ بارودۆخێکی هێندە مەترسیدارانەی–ئاسیادا، زەریای هێمن بووەتە پرسێکی سەرەکی بۆ بەرژەوەندییە ستراتیژییەکانی ئەمریکا، کە بڕیارە توخمێکی ناوەندی سیاسەتی ئەمریکا بێت- لەگەڵ هەموو ئەم کێشانەی کە لە زەریای هێمندا پەرە ئەسێنن، سوپای ئەمریکا خۆی لە هەلومەرجێکی ماندووبوون، کەمبوونەوەی یەدەکەکانیدا ئەبینێتەوە، لەگەڵ گیرخواردنیان لەو ململانێیەی کە تیایدا سەرنەکەوتوون لە ئۆکراینا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

بەڕێزان ئەگەر ئەو پرسیارە بکەیت “ئایا ئەمریکا ئێستا لە دۆخێکدا ئەبێت کە بە شێوەیەکی کاریگەرانە بەرگری لە تایوان بکات لە بەرامبەر چینییەکان؟” باشە من شارەزای سەربازی نیم، بەڵام پێموایە ئەوان زۆر بە کارێکی قورس و سەختی ئەزانن.

پاشان هیندستانیش هەیە. سیاسەتێکی ناوەندی ئەمریکا بریتی بوو لە کۆنترۆڵکردنی هیندستان و سامانەکەی. ئێستا هیندستان هێزێکی ئابوورییە، کە لە جیهان لە هەڵکشاندایە. پێشتر مانگی دەستکردی یەکێتی سۆڤیەت بووە، لەکاتێکدا پاکستان هاوپەیمانی چین بووە.

وردە وردە ئەمریکییەکان سەرکەوتوو بوون لە ڕاکێشانی هیندستان بەرەو خۆیان. ئێستا ئەوە پێچەوانە بووەتەوە. هیندستان زیاتر و زیاتر بە ئاراستەی مۆسکۆدا هەنگاو ئەنێت.

هیندستان ڕەتیکردەوە لەشکرکێشی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکراینا سەرکۆنە بکات و ئەبێت ئەمریکییەکان لەم دواییانەدا کە مۆدی سەردانی پوتینی کرد لە مۆسکۆ، تووشی ترس و دڵەڕاوکێ بووبن. نموونەیەکی ڕوونە، و ئەتوانم زۆر شتی تریش بهێنمەوە، بەڵام کات نییە. من ئەڵێم، گۆڕانکارییەکی دراماتیک ئێستا لە پەیوەندییە جیهانییەکان بەهەمان شێوەی ئەوەی لەگەڵ داڕمانی یەکێتی سۆڤیەتدا ڕوویدا، لە بەرەوپێشچووندایە.

خەباتی چینایەتی لە بەرنامەی کاردا

ئێستا دێینە سەر خاڵی ناوەندی باسەکە، ئەویش ئەنجامە. چی لەوە هەڵهێنجین؟ ئەمساڵ هەڵبژاردنی زۆر بەڕێوەئەچێت. وە ئێستا پێشبینی ئەکەم کە لە ڕای گشتیدا وەرچەرخانی خێرا ئەبینین: لە ڕاستەوە بۆ چەپ، و لە چەپەوە بۆ ڕاست. بێگومان ئەمە خەڵکی سەر بەناو ‘چەپ’ سەرلێشێواو ئەکات.

بۆ نموونە لە هەڵبژاردنەکانی ئەمریکادا – لە کاتێکدا هەرگیز ناتوانیت دڵنیا بیت لە هیچ شتێک لەگەڵ هەڵبژاردنەکاندا – جۆ بایدن ناپەسەندترین سەرۆکە لە ئەمریکا، لە مێژووی مۆدێرن. لە ڕاستیدا پێموایە دیموکراتەکان حەز ئەکەن ڕزگاریان بێت لێی، بەڵام ناتوانن.

وە دواتر بەڕێز ترەمپیش هەیە. ڕۆژنامە لیبراڵەکان لە ئەمریکا و لە ئاستی نێودەوڵەتیدا تووشی ترس و تۆقان بوون. بڕوانن، سەرسوڕهێنەرە: ترامپ جارێکی تر گەڕاوەتەوە!

فیلمێکی ترسناک و ڕەش و سپی کۆن هەیە لە ساڵانی ١٩٥٠ بە ناوی " شەوی مردووە زیندووەکان"، پێویستە سەیری بکەیت: ئەم فانتۆمانە (مۆتەکە) لە گۆڕەوە سەرهەڵئەدەن، ئەم مردووانە بە دەوریدا ئەسوڕێنەوە. ناتوانرێت بە فیشەک یان سوپا و پۆلیس بکوژرێن. سەرجەمیان بێدەسەڵاتن بەرامبەر ئەم ئەهریمەنانەی لە گۆڕەوە هەڵساون. ئەوە دۆناڵد جەی ترەمپە(Donald J. Trump).

هەموو شتێکیان تاقیکردووەتەوە. هەوڵیان داوە لە ڕۆژنامەکاندا هێرش بکەنە سەری و لەناوی بەرن، تا هاوڕێ کچەکانی پێشووی(ex-girlfriends) بکێشنە دەرەوە.

ئەوان ٩١ دۆسیەی دادگایان لە دژی کردووەتەوە. هەر بۆیە ئەڵێم زۆمبییە: مرۆڤ نییە. هەر مرۆڤێکی ئاسایی بەمانە بە تەواوی وێران ئەبوو، لەناو ئەچوو. بەڵام دۆناڵد جەی ترەمپ نا، گرنگ نییە چ هەوڵێک بدەن لە دژی.

هەر جارێک دۆزێکی نوێ لە دژی ڕائەگەیەنن، پشتگیرییەکەی لە ڕاپرسییەکاندا بەرز ئەبێتەوە. ئەو ئاسانە: تەنها شتێک کە ترەمپ ئەبێت بیکات، هەرچەندە بۆی قورس ئەبێت، بەڵام ئەوەیە کە دەمی دابخات و دابنیشێت و چاوەڕێ بکات. ئەوە تەنها شتێکە کە ئەبێت بیکات. جۆ بایدن کاری تر ئەکات.

هەموو شتێک دوای ئایۆوا (Iowa) و نیو هامپشایر(New Hampshire) ئاماژە بەوە ئەکات کە دیارە ئەبێتەوە کاندیدی کۆمارییەکان. ناتوانن بیخەنە زیندانەوە. ئەوە قسەی بێمانایە. ئەگەر بیخەنە زیندانەوە، ئەوا شەڕی ناوخۆیان دەستپێئەکەن، یان شتێکی لەو جۆرە. بە دڵنیاییەوە بێزاری جدییان هەیە، بۆیە هیچ سوودێکی نییە، ناتوانن. بۆیە پێموایە هیچ شتێک نییە کە خۆیانی لێ بەدوور بگرن: ئەمریکا ئەبێت جارێکی تر بە قوتابخانەکەی دۆناڵد ترەمپدا تێپەڕێتەوە.

بێگومان کاردانەوەی هەموو ڕەوتەکان پێشبینی ئەکرێت. هەموویان جارێکی تر تەپڵەکانیان ئەکوتن و هاتوهاوار ئەکەن: «فاشیزم، فاشیزم». بێگومان بە هیچ شێوەیەک فاشیزم نییە. بەڵام لێرەدا شتێک ئەڵێم کە ڕەنگە کەمێک مشتومڕی لەسەر بێت.

بێگومان ئەوەی کە ترەمپ کەسێکی کۆنەپەرستانەیە، شتێکی ڕوونە. بەڵام تەنانەت پشتگیرییەکانی ترەمپ لە ئەمریکا، بە شێوەیەکی زۆر تایبەت، لەسەر بنەمای ئەوە بوو کە چۆن ئەم ملیاردێرە کۆنەپەرستە ترسناکە لە قسەکردنەکانیدا، لە دیماگۆجییەکەیدا، هێرشی ئەکردە سەر دامەزراوەکان، و بزنسمانە پۆشتەوپەرداخەکانی واشنتۆن، تەواو لێهاتوو بوو لەوەدا. وە هیچ گومانێک نییە کە ئەو سەرنجی داوە. چونکە لە ئەمریکا – و لە ئێستاشدا دیاردەیەکی تەواو بەربڵاو و قووڵە – وەک لە باقی وڵاتانی تری جیهان، بەبێ جیاوازی، مەزاجێکی بنەڕەتی هەیە، کە ناتوانیت بە کەمی بگریت: مەزاجێکی تووڕەیی ڕوولەسەری خەڵکە، تووڕەیی بەرامبەر چینی دەسەڵاتدار، بەرامبەر دەوڵەمەند و دەسەڵاتدارەکان ، دژی دامەزراوەکان، دژی میدیای درۆزن. خەڵک باوەڕیان بە هیچ وشەیەک نییە کە هەر کامیان بیڵێن.

ئەوەش بەو مانایەیە کە هەندێک جار کراوەن بەرامبەر بە ئارگیومێنتەکانی دیماگۆجییەکان ئەگەر ئەڵتەرناتیڤێک(بەدیل) نەبێت لەو ڕووەوە. وە ترەمپ تەواو لێهاتوو بوو لە خۆنیشاندانی وەک ئەم بەدیلە، کە بێگومان وەک ئەوەی ئێمە تێیئەگەین، بەهیچ شێوەیەک بەدیلێک نییە.

پێئەچێت لە هەڵبژاردنی داهاتوودا بچێتەوە سەر دەسەڵات. وە ئەوەش هەموو دژایەتییەکانی کۆمەڵگەی ئەمریکا، سەر تا خوار خراپتر ئەکات. هەروەها پێئەچێت دواجار بێت کە هەڵببژێردرێت، پێئەچێت بەهەر حاڵ تا ئەو کاتەش مردبێت.

هەروەک ئەیبینن، جەماوەر پێویستە بەم ئەزموونەدا تێپەڕێت تا ئەم دیماگۆجییە لەسەر شێوەی حەقیقەتی خۆی ببینێت: دیماگۆجی. و ئەوەش زەمینە بۆ ڕادیکاڵبوونی نوێ و بوژانەوەی خەباتی چینایەتی ئامادە ئەکات، کە لە ئێستاوە لە ئەمریکادا دەستی پێکردووە. ئەوە خاڵەکەیە.

لە دوو ساڵی ڕابردوودا لە ئەمریکا مانگرتنی زۆر ڕوویانداوە. لەم دواییانەدا بابەتێک هەبوو، لە فاینانشیاڵ تایمزدا باوەڕم وایە، ئاماژەی بە بوژانەوەی چاوەڕواننەکراوی کرێکارانی ئەمریکای ئەکرد. ڕەنگە بۆ ئەوان چاوەڕواننەکراو بێت، بەڵام بۆ ئێمە چاوەڕواننەکراو نییە.

و بەڵێ، لێرەدا خاڵێکی زۆر سەرنجڕاکێشمان هەیە. کاتێک ڕاپرسییەکی ئەوە کرا کە ئەمریکییەکان چەندە بە باشی (دڵخوازیی) سەیری دامەزراوە جیاوازەکان ئەکەن، لە ڕاپرسییەکدا، ڕێکخراو و یەکێتییەکانی کرێکاران زۆر باشتر لە سی ئای ئەی، دادگای باڵا، ئێف بی ئای، حکومەتی ویلایەت و میدیاکان... هەڵسەنگاندنیان بۆ کرا. نازانم دوای ئەمانە کام دامەزراوەی ترم نەوتووە!

وە ئەو دامەزراوانەی کەمترین دڵخوازییان پێدرا، کۆمپانیا گەورەکان بوون. بەڕێزان هەمان بابەتی فاینانشیاڵ تایمز ئاماژە بەوە ئەکات کە کرێکارانی ئۆتۆمبێل لە ئەمریکا سەرقاڵی خەباتێکی چینایەتین. ئەمە ڕۆژنامەی فاینانشیاڵ تایمزە. بوژانەوەی مانگرتنەکان کەنەداش ئەگرێتەوە! لەوێ ژمارەی مانگرتنەکان لە ساڵی ڕابردوودا زۆرترین ڕێژەی مانگرتن بووە لە ماوەی ١٨ ساڵی ڕابردوودا.

لە ئەڵمانیا، ئێمە مانگرتنە زۆر گرنگەکانی کرێکارانی شەمەندەفەرمان بینی، کە بووە هۆی لێدانی زەنگی مەترسی لەنێو توێژەکانی چینی دەسەڵاتداردا. ئەبینم تەنانەت مۆزەخانەکان و شوێنەکانی تری لەو جۆرەش کاریگەرییان لەسەر بووە. من قسە زۆر سەرنجڕاکێشەکانی کارستن نیکل، جێگری بەڕێوەبەری کۆمپانیای تێنێۆ(Teneo) ئەهێنمەوە: "بەڕاستی تادێت مانگرتنەکان لە مانگرتنی سەرتاسەری و گشتی ئەچن". ئەمە لە ئەڵمانیادایە.

هەروەها ئاماژە بەوە ئەکات کە "لە ساڵی 1906ەوە مانگرتنی گشتیمان لە ئەڵمانیا نەبووە"، هەروەها ئاماژە بەوە ئەکات و منیش بژێرێکی قسەکانی ئەڵێمەوە: " لە کۆتایی هەفتەی ڕابردوودادا، وەزیری ئابووری زۆر بە دژواری ڕزگاری بوو لە شەڕ و ئاژاوەیەکی جەستەیی لەگەڵ گروپێکی یەکجار تووڕەی خۆپیشاندەران " وە ئەشڵێت، “ئەوانە چەند دیمەنێک بوون کە پێشتر لە ئەڵمانیادا نەمانبینیبوون”.

هەمان دیاردەیە. لە بەریتانیاش شەپۆلەکانی مانگرتن سەریانهەڵداوە، کە وردەکارییەکانیمان لە شوێنێکی تردا بەیان کردووە.

بۆ نموونە پەرستارەکان تەنانەت یەکێتییەکی دروستیان نییە. ڕێکخراوێک هەیە بە ناوی کۆلێژی شاهانەی پەرستاران(Royal College of Nurses)، ئەگەر باوەڕت بەمە هەبێت ئەم ڕێکخراوە لە ماوەی زیاتر لە ١٠٠ ساڵی ڕابردوویدا بۆ یەکەمین جار بانگەوازی مانگرتنی کرد. بەڵام پرسەکان کۆکردنەوەی ئامارەکانی مانگرتن نین.

ئەم ژمارانە لە ڕاستیدا قووڵایی ئەو هەستانە ناگەیەنن کە لە کۆمەڵگادا هەن. هەموو ئەو شتانەی کە من باسم کرد، لانیکەم لە سەرەتای گۆڕانکارییەکی قووڵ لە هۆشیاری چینایەتیدا ڕەنگ ئەداتەوە.

تەنانەت هەندێک لە نوێنەرانی چینی دەسەڵاتدار دەستیان کردووە بە تێگەیشتن لەم بابەتە. بۆ نموونە لە ڕۆژنامەی دەیلی تەلەگراف کە ڕۆژنامەیەکی زۆر کۆنەپەرستانەی تۆرییەکانە لە بەریتانیا، دەیڤید فرۆست کە سەرکردەیەکی دیاری پارتی پارێزگارانە، بابەتێکی زۆر سەرنجڕاکێشی نووسیوە. چ دەرئەنجامێکی بەدەستهێناوە لە بابەتەکەیدا؟ پێت ئەڵێم، لە ڕاستیدا لە ناونیشانی بابەتەکەدا هاتووە. گرنگی بەم شتە بدەن: "ڕای گشتی بەریتانیا لە مەزاجێکی شۆڕشدایە". ئەمەیە کە ئەم تۆرییە ئەیڵێت.

داڕمانی متمانە، و نەبوونی هیچ بایەخپێدانێکی جەماوەر و بە تایبەت لە پەیوەند بە هەڵبژاردنانەکانەوە ڕوونکردنەوە ئەدات کە بەم زووانە ئەنجام ئەدرێن و تۆریەکان لە دەسەڵات لائەبەن، بەوپەڕی درک و تێگەیشتنییەوە ئەڵێت: “ڕاستییەکە ئەوەیە، کە زۆربەی دەنگدەران بەنزیکەیی هیچ بایەخ و گرنگییەک بە سیاسەت نادەن. بەجیا لەو ڕۆژانەی کە لە هەڵبژاردنەکان نزیک ئەبینەوە”، ئاماژە بەوەش ئەکات کە “من هیچ لۆمەیان ناکەم لەو ڕووەوە”.

ئەمە بەتەواوی عەقڵانی و مەعقولە. ئەمە ئەنجامێکی زۆر قووڵ ئەدات بەدەستەوە: ئەم بەناو بێباکییە بە هیچ شێوەیەک بێباکی نییە!

ئەمەش لەبەر ئەوەیە کە خەڵک لە یارییەکەی وێستمینستەر(Westminster) دوور کەوتووەتەوە. وە ئەمە ڕستەی کۆتاییەتی و لێرەدا بە دەرەنجامی یەکلاکەرەوەکە ئەگات: ئەمە بێباکی نییە، بەڵکو لەدەستدانی متمانەی تەواوەتییە بە سیستەمەکە.

ئەمە لە ماڵی دوژمنێکەوە دێت. لەم دواییانەدا لە شاری داڤۆس لە سویسرا، کۆمەڵێک ملیاردێر نامەیەکیان بەناونیشانی “شانازی ئەکەین بە پارەدان” نارد، کە تێیدا ئاماژەیان بەوە کردووە کە ئامادەن باجی زیاتر بدەن.

ئەمە ڕەنگدانەوەی هیچ بەخشندەییەک نییە لەلای ئەوانەوە، بەڵکو ترسێکی پەرەسەندووە لە دەرئەنجامە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانی ئەوپەڕی نایەکسانی نێو کۆمەڵگا.

لە ئەمریکا لە ڕاپرسییەکدا پرسیار لە خەڵک کرا، “ئەو شێوازەی کە سەرمایەداری ئەمڕۆ لە ئەمریکا کاری پێئەکات چۆن هەڵئەسەنگێنیت؟” ٧٪ وتوویانە ‘نایاب’؛ ١٤٪ وتوویانە ‘زۆر باشە’، ٢٩٪ وتوویانە ‘تا ڕادەیەک باش’، بەڵام دواتر ١٠٪ وتوویانە ‘تا ڕادەیەک خراپ’، ٥٪ وتوویانە ‘زۆر هەژار’، و ١٠٪ وتوویانە ‘ترسناکە’.

واتە ٢٥٪ وتوویانە تاڕادەیەک خراپە، یان زۆر خراپە یان ترسناکە. ئەمە بۆ خۆی ئاماژەیە بۆ سەرەتای گۆڕانکاریی.

وە لە بەریتانیاش، لەوەش ڕوونتر پرسیار کرا، “ئەو وشانە چین کە زۆرترین پەیوەندیتان بە سەرمایەداریەوە هەیە؟” وشەی سەرووی هەموو شتێکەوە ‘چڵێسیی’ە، ٧٣٪ ؛ پاشان ‘فشاری بەردەوام بۆ قازانج’، ٧٠٪ ؛ ‘گەندەڵیی’، ٦٩٪ . ٤٢٪ی بەشداربووان هاوڕابوون لەگەڵ ئەو دەربڕینەی کە سەرمایەداریی لەلایەن هەرە دەوڵەمەندەکانەوە دەستی بەسەرداگیراوە، و ئەوان ئەجێندای سیاسی دائەنێن. ئەمانە تەنها چەند ڕاپرسییەکی گۆشەگیرن.

ئاماژەی تریش هەیە. بۆ نموونە لە ئەمریکا پارتی کۆمۆنیستی ئەمریکا(CPUSA ) بانگەشەی ئەوە ئەکات کە لە دوو ساڵی ڕابردوودا زیاد ٨ هەزار گەنج ڕوویان لە پارتەکە کردووە. هۆکاری ئەمە چییە؟ باشە، ئەبینیت، زۆر کەس ئێستا، بە تایبەت گەنجان، لە دامەزراوە سیاسییەکەی ئێستا تەواو نامۆبوون و بەدوای بەدیلێکدا ئەگەڕێن، بەدیلێکی شۆڕشگێڕانە.

ئەگەر تەماشای دوا قۆناغ بکەیت، لە دوای قەیرانی ٢٠٠٨ ەوە، شتەکان جێگیر نەبوون. یەکەم دەربڕین بریتی بوو لە وەرچەرخانێک بە ئاراستەی ئەوەی کە ڕەنگە پێی بڵێیت ‘چەپە ڕیفۆرمخوازەکان’. ئەوان زۆر لە لای چەپەوە نزیک نەبوون، بەڵام با وا دابنێین کە بەو جۆرە بوو.

لە یۆنان سیریزا، لە ئیسپانیا پۆدیمۆس، لە ئەمریکا بێرنی ساندەرز و لە بەریتانیا جێرمی کۆربینت هەبوون. ئێمە چەندین جار سنوورداربوونی چاکسازیخوازانی چەپمان ڕوون کردووەتەوە. لە هەر حاڵەتێکدا، چاوەڕوانی گەورە و هیوای گەورەیان وروژاند،کە لە هەر حاڵەتێکدا بشکێن. ڕیفۆرمخوازانی چەپ هەمیشە لە ساتەوەختی ڕاستیەکاندا خۆیان ڕادەست کردووە.

بەڵام ئێستا بۆشایییەک هەیە. بێگومان چەپی کۆن بە تەواوی بێهیوا بووە. ٩٩٪یان تەواو بوون. نابێت کات لەگەڵ ئەم کەسانەدا بەفیڕۆ بدەین. هیچ هیوایەکت لێیان نەبێت: بێهیوان، هیچ هیوایەکیان بە خۆیان نییە.

پێشتر ئەم بەراوردکارییەی خوارەوەم هەڵهێنجا. هەمووتان ئەزانن کە من ئینگلیز نیم. من وێڵزیم و شانازی پێوە ئەکەم. وێڵزی لە لەدایکبوون و بە هەستەکانمەوە، و ئینتەرناسیۆنالیستێکی پرۆلیتارییش بە قەناعەتەوە.

وە من لە کەنارەکانی زەریای ئەتڵەسی لەدایک بووم، لە ڕاستیدا، لە شارۆچکەیەک بە ناوی سوانسی(Swansea)، کە پێشتر شارۆچکەیەکی خۆش بوو لەو ڕۆژانەدا. وە لە پەنجەرەی ژووری نووستنەکەمەوە گوێم لە هۆڕنەکانی کەشتییەکان ئەبوو کە ڕوویان لە کەنداوە جوانەکان ئەکرد. لەو ناوچەیەدا کەنداو زۆر هەن، کەنداوی جوان، بە درێژایی چەندین کیلۆمەتر لمەوە.

وە کاتێک بە درێژایی ئەم ڕووبەرە بەرفراوانانەی لمەکاندا پیاسەت ئەکرد و کاتێک شەپۆلەکان دائەکەوتن، هەموو جۆرە بوونەوەرە شۆردراوەکانت لە کەنار دەریاکەدا ئەبینی.

ماسییە مردووەکان یان ئەوانەی لە کاتی گیان لەدەستدان. قاوغەکان،و... بەڵام بێگومان شەپۆلەکانی دەریاکە ئەگەڕانە دواوەو دووبارە ئەهاتنەوە.

وە کاتێک دەریاکە بە گوژمێکی تر ئەهاتەوە، ئەم هەموو شتە چەوتانەی بە لایەکدا ئەشۆرد. ئەم هەموو زبڵ و خاشاکەی نێو هەناوی بە لایەکدا ئەڕژان. وە زەریاکە دیسانەوە بە ئۆکسجینی تازە هەناسەی ئەدایەوە، بە ژیانێکی نوێ.

من باسی خەباتی چینایەتی ئەکەم. تۆ هەموو ئەو زبڵ و خاشاکانە ئەبینیت کە لە شۆڕشە دۆڕاوەکانی ڕابردوودا ماونەتەوە: بۆ هیچ شتێک ناگونجێن، ماسی مردوو و نزیک لە مردوو. ئەزانی ماسییەک لە سەریەوە بەرەو خوار دەست ئەکات بە ڕزین.

بەڵام ململانێی چینایەتی بە ماسییە مردووەکان دیاری ناکرێ. وە ئێمە ئێستا شاهیدی وەرچەرخانی زەریاکەین. هاوڕێیان. ئەمە ئەوەیە کە ئێمە شاهیدین.

من بۆ خۆم قسە ئەکەم، بۆ ڕۆب و هاوڕێکانی تر قسە ئەکەم، کاتێک ئەڵێم: زۆر شتمان ئەزموون کردووە، باش، خراپ و بێباکانە.

وە بۆ ماوەیەکی زۆر ئەم ڕێکخراوە دژی چەمەکە شەڕی ئەکرد. شەڕکردن لەگەڵ چەمدا زۆر قورسە. بەڵام ئێستا، بە دڵنیاییەوە زەریای مێژوو لە بەرژەوەندی ئێمەدا گۆڕاوە. ئێستاش، لە کۆتاییدا، ئێمە لەگەڵ شەپۆلەکاندا، لەگەڵ هەڵچوون و داچوونەکانی مێژوودا بە ئاراستەیەکی دروستدا مەلە ئەکەین. سەبارەت بە ماسییە مردووەکان، با نوقم بن. نوقمیش ئەبن.

هەر یەکێکیان بەبێ شوێنەوار جێهێشتنێک نوقم ئەبن. چونکە ئەوان بیرۆکە و دیدگا و تاکتیک و ستراتیژی پێویستیان نییە، کە ئێمە تەنها هەمانەو خاوەنین.

وە لە کاتێکدا ئەمە ئەڵێم، من کەسێک نیم کە شانازی بکەم. ئەوە لە شوێنی خۆی دەرچووە. نابێت هیچ جێگەیەکی هەبێت لە ڕێکخراوەکەماندا. ئێمە هێشتا هێزێکی تاڕادەیەک بچووکین. هەرچەندە ئێمە بە خێرایی بەرەوپێش ئەچین، بەڵام ئەبێت هەست بەمە بکەین. ئەرکەکانی بەردەممان بێئەندازەن. بەڵام ڕووداوەکان بە خێرایی تێئەپەڕن. ئەبێت لەو ڕاستییە تێبگەیت. مەرجەکان ئەتوانن بگۆڕدرێن: لەئێستادا ئاگادارتان ئەکەم.

لە هەموو وڵاتێکدا بارودۆخەکان ئەتوانن بگۆڕدرێن و هۆشیاریش ئەتوانێت لە ماوەی ٢٤ کاتژمێردا ئاڵوگۆڕی بەسەردا بێت. ئەبێت ئامادەبین. وە چۆن خۆمان ئامادە بکەین؟ باشە، زۆر سادەیە. لە ڕابردوودا ئەبوو خەبات بکەیت تا خەڵک ڕازی بکەیت سەبارەت بە ڕاستی بیرۆکەی کۆمۆنیستی و بیرۆکەی مارکسی.

چیتر نا. لە هەموو وڵاتەکاندا ئەمە ڕاستییەکە، ڕاستییەکی ئەزموونییە کە ئەتوانرێت پشتڕاست بکرێتەوە. من داهێنانم نەکردووە: هەزاران، دەیان هەزار، سەدان هەزار، ڕەنگە ملیۆنان گەنج لە ئێستاوە خەریکی دەرەنجامە دروستەکانن.

ئەوان پێشتر بیرۆکەی کۆمۆنیزمیان قبوڵ کردووە. ئەوان ئارەزووی کۆمۆنیزم ئەکەن. بۆ ئەم کەسانە تەنانەت ‘سۆسیالیزم’یش دروست نییە. بە جۆرێک، دەنگێکی لاوازەو پەیوەندی بە ڕیفۆرمخوازییەوە هەیە. لەگەڵ ئەرکەکانی ئێستا ناگونجێ و نایەتەوە. وەڵامی ئەوە ناداتەوە کە لە هەناویان، لە دڵیان،و لە ڕۆحیاندا هەستی پێئەکەن.

تۆ پێم ئەڵێیت، “باشە، ئەم منداڵە بچووکانە زۆر سەوزن. ئەوان نەیانخوێندووە. ئەوان نازانن. ئەوان مارکسیستی دروست نین”. ئەوە ڕاست نییە. ئەوان مارکسیستی زۆر دروستن. ئەوان کۆمۆنیستی ڕاستەقینەن. ئەزانیت، من لە منداڵییەوە کۆمۆنیست بووم، ڕۆبیش، ئێمە لە خێزانێکی کۆمۆنیستی و چینی کرێکارییەوە هاتووین.

پێش ئەوەی هیچ کتێبێک بخوێنمەوە کۆمۆنیست بووم. کتێبەکان گرنگن. ئەوانە بنەڕەتین. بەبێ ئەو زانیارییە ئێمە هیچ شتێك نین، ئێمە کرێکاری بێلێهاتووین، کە بە هیچ شێوەیەک باش نییە.

بەڵام کۆمۆنیزمی ڕاستەقینە لە کتێبەکانەوە نایەت. لە ڕوحەوە هەڵئەقوڵێت. لە غەریزەی هەناوەکانەوە دێت و پێداویستی شەڕکردنە لەپێناو گۆڕینی شتەکان. ئەم منداڵە گەنجانە، خۆیان بە کۆمۆنیست ناو ئەبەن. لەوانەیە هەرگیز مانیفێستی کۆمۆنیستیان نەخوێندبێتەوە. بەڵام ئەوان کۆمۆنیستن. پێویست ناکات ئەم منداڵانە ڕازی بکەیت. ئەوان بەدوای ئێمەدا ئەگەڕێن. ئەبێت بیاندۆزینەوە. ئەبێت پەیوەندییان لەگەڵ دروست بکەین لە هەر شوێنێک بن.

من خۆم سەرسامم – هەمیشە ئاسان نییە خەڵک سەرسام بکەم – بەڵام من خۆم سەرسامم بەو ڕاپۆرتە سەرسوڕهێنەرانەی کە بەدەستم ئەگەن. نەک تەنها لە بەریتانیاوە کە شتێکی یەکجار باشە. هاوڕێیان لە بەریتانیا ناوی بڵاوکراوەکەیان گۆڕیوە. ناوی کۆمۆنیست(The Communist)ە و ڕۆژانی پێنجشەممان لە شەقامەکان بڵاو ئەکرێتەوە. وەڵامدانەوەکان لە بەرامبەریدا چۆن بوون؟ سەرسوڕهێنەرن. سەرسوڕهێنەرن. من ئەڵێم جێ‌ی باوەڕ نییە!، بەڵام بە باوەڕپێنەکراوی نازانم. و بە تەواوی بە بڵاوکراوەیەکی باوەڕپێکراوی ئەزانم.

خەڵک دێنە لامان چونکە بەدوای ئێمەدا ئەگەڕێن. ئەوان بەدوای ئاڵای کۆمۆنیزمدا ئەگەڕێن. ئەوان حەزیان لە شتی تر نییە. ئەم قۆناغە هاوڕێیان بۆ ئێمە دروست کراوە. بۆ ئەم ئینتەرناسیۆنالیزمە دروستکراوە. بۆ ئێوە دروست کراوە.

ئێستا ئیتر هیچ بیانوویەک نییە، تاکە بیانوویەک نییە بۆ شکستهێنان لە بنیاتنانێکی گەورەدا. نەک تەنها گەشەکردنێکی (حاشیەیی) پەراوێزی – نەخێر، نەخێر، نەخێر، نەخێر – گەشەکردنێکی گەورە. ئەندامێتیمان دوو هێندە زیاد ئەکات. تکایە، کارەکە لە توانادایەو سەرەتا بە هەوڵدان بۆ دەستنیشانکردنی کێشەکان دەست پێ مەکە. سەخت نییە. سەختییەکان لە سەرتدان و لە دۆخە بابەتییەکاندا نین. ئەوەی ئەبێت بیکەین ئەوەیە کە بگەینە ئەم چینە مەزنە.

هێراکلیتۆس(Heraclitus) چی وت؟ واتە: پیاوێک کە بە دوای زێڕدا ئەگەڕێ پێویستە خۆڵ و پیسییەکی زۆر هەڵکەنێ تا کەمێک ئەدۆزێتەوە. ساڵانێکی زۆرە بەو شێوەیە بووە. بەڵام ئەمڕۆ، بۆ ڕاستکردنەوەی هێراکلیتۆس، پێویست ناکات پیسییەکی زۆر هەڵکەنین. پیسی لەبیر بکە. درزێکی دەوڵەمەندی پڕ لەزێڕ هەیە کە چاوەڕێی دۆزینەوەیە، و ئەبێت بیدۆزینەوە. لەوێیە، زۆری پێناچێت.

تەنها پێویستە لەسەر گۆشەی شەقامەکە بوەستیت، کۆمۆنیزم ڕابگەیەنیت، لافیتەیەک وەربگریت، ئەگەر بتوانی ڕۆژنامەیەک ببەیت و زێڕەکە بۆت دێت. ئەوان دێنە لات.

کێشەکان و ئەرکەکان لەوێوە دەست پێئەکەن. بەڵام ئەوان کێشەی نوێن، ئەرکی نوێن، ئەرکی گەورەن: ئەو جۆرە ئەرکانەی کە پێویستە پێشوازییان لێبکەین و بە هەردوو دەست لە باوەشیان بگرین.

ئەم کۆبوونەوەیەی سەرکردایەتی، هاوڕێیان، نابێت وەک هەر کۆبوونەوەیەکی تر بێت کە لە مێژووماندا هەمانبووە. نەخێر، ئەبێت خۆمان لەسەر ئەمە بنیات بنێین.

ئەم کۆبوونەوەیە نابێت هیچ کۆبوونەوەیەکی ڕۆتینی ئاسایی بێت، چونکە ئەو ماوەیە ماوەی ڕۆتینی ئاسایی نییە. ئەوەی من ئەیخەمە بەردەمتان پڕ نییە لە سەختی گەورەو زۆر – هیچ شتێک کە من وتوومە نابێت کەس بترسێنێت.

بەڵام ئەبێت دەرفەتەکە بقۆزینەوە. ئەم هەڵمەتە کە ئێمە دەستمان پێکردووە کەمپەینی– “ئایا تۆ کۆمۆنیستیت؟”– وەڵامێکی زۆری وەرگرتووەتەوە. وە هەموو دوژمن و ڕکابەرەکانمان بە دەمی کراوەوە لە دەوروبەرمان وەستاون. و لێ‌ی تێناگەن.

ئەم ڕەوتانە، ئەم ڕەوتە بەدبەختانە، هەرگیز لە هیچ شتێک لە کۆمۆنیزم، مارکس، ئەنگڵس، ترۆتسکی، یان لە هیچ شتێکی تر تێنەگەیشتوون. ئەوان بێ کەڵکن. هەر بۆیە هەموویان لە قەیران و دابەشبووندان. وە هیوای بەختێکی باشیان بۆ ئەخوازین لەدابەشبوونەکانیان: بەردەوام بن لەگەڵیدا!

ئێمە هیچ کام لەوانەمان بەلاوە گرنگ نییە. بەم بۆنەیەوە، بەم زووانە نامەمان بۆ ئەنێرن. “تکایە ئەتوانین بەرەیەکی یەکگرتوومان هەبێت؟ ئایا بەشداری ئەم کارە ئەکەیت؟ ئەچیتە پاڵ ئەوانی تر؟” ئەبێت پێیان وابێت ئێمە چەند سیکتاریستی ترسناکین. بە نسبەت ئەوانەوە، ئێمە سکتاریستین، هەمیشە سیکتاریست بووین و هەمیشە بە سیکتاریستی ئەمێنینەوە.

لە ساڵانی شەستەکاندا، تەنانەت ئەو کاتەش نامەمان لێیان وەرئەگرت. ئایا بەشداری ئەم کارە ئەکەیت؟ ئایا بەشداری ئەوە ئەکەیت؟ هەمیشە بیرم دێتەوە کە تێد چی ئەووت: “وەڵام مەدەرەوە. ڕاست بیخە ناو سەبەتەی کاغەزەکانەوە”

ئێمە هیچ شتێکمان بەلاوە گرنگ نییە کە ئەم بەڕێز و خانمانە بیری لێبکەنەوە، بیڵێن یان بیکەن. ئەوان تەواو بوون. بە پێچەوانەوە ئێمە تاکە ڕێکخراوین کە بەرپرسیارێتی دووبارە دامەزراندنەوەی کۆمۆنیزممان لە ئەستۆیە. ئەبێت ڕوو لە دامەزراندنی حزبە کۆمۆنیستەکان بکەین.

ئێمە لە بەرازیل و هەندێک شوێنی تردا دەستمان بەو کارانە کردووە. ئەمە ئەو فەزایەیە کە لە ئێستادا هەوڵی کارکردنی چڕی لەسەر ئەکەین.

ئەرکەکانی بەردەممان یەکجار گەورەن. ئەوانە ئالنگارییەکمان بۆ ئەخەنە ڕوو. بەڵام ئەزانی، کە من و ڕۆب تازە کتێبێکمان لەسەر لینین بەرهەمهێناوە. من داوات لێناکەم بیخوێنیتەوە. داوات لێئەکەم بە وردی لێی بکۆڵیتەوە. لەم کتێبەدا ئەم وانەیەی خوارەوە ئەبینیتەوە: هیچ ئەرکێک هەرگیز بۆ لینین زۆر گەورە نەبووە!

ئێمە مامەڵە لەگەڵ ئەم ئەرکانەدا ئەکەین. ئێمە کێشەکان چارەسەر ئەکەین. وە ئێمە ئینتەرناسیۆناڵێکی کۆمۆنیستی بەهێز بنیات ئەنێین، کە هێزێکی جدی ئەبێت، نەک تەنها توانای چاودێریکردنی ڕووداوەکان و تێبینی لەسەریان هەبێت، بەڵکو دەست بە بوون بکات بە هێزێکی ڕاستەقینە کە توانا و ئامادەیی بەشداری لە خەباتی چینایەتی گەشەسەندوودا بکات لە هەموو وڵاتانی تردا.

ئالان ودز، وەرگێڕانی کامەران ئەحمەد

سەرچاوە: لە بەرگری مارکسیزم‌دا