ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو، کۆمەڵەی ئابووری وڵاتانی ڕۆژئاوای ئەفریکا (ئیکۆواس) (ECOWAS) لە ئەبوجای پایتەختی نەیجیریا کۆبوونەوە، وچۆنیەتی وەڵامدانەوەی کۆدەتاکەی ئەم دواییەی نیجەریان تاوتوێ کرد. یەکشەممەی ڕابردوو ئەو وادەیەی کە لەلایەن ئیکۆواسەوە خرابووە ڕوو تا سەرکردەکانی کۆدەتا دەست لە کۆدەتاکە هەڵگرن، و سەرۆک محەمەد بازوم بۆ دەسەڵات بگێڕنەوە، وادەی کشانەوە بەبێ ئەو دەستێوەردانە سەربازییە کە وڵاتانی وەک نەیجیریا هەڕەشەیان ئەکرد ، کۆتایی هات.
لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا، ئیکۆواس بەیاننامەیەکی ناڕوونی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند کە ڕێکەوتوون لەسەر کۆکردنەوەی هێزێکی سەربازی " ئامادەباش"، بەڵام هەر زوو ئەوەشی زیاد کرد کە دەستێوەردانی سەربازیی لە نیجەر دوا ڕێگەچارە و بژاردە ئەبێت. ئەوان وردەکاری زیاتریان لەو بارەوە نەخستەڕوو کە ئەو هێزەی بە نیازە کۆی بکەنەوە چۆن ئەبێت و چ هەنگاوێک لە داهاتوودا ئەگرنەبەر.
دژایەتی و دابەشبوون
سەرۆکی نەیجیریا و سەرۆکی ئێستای ئیکۆواس، بۆلا تینوبو (Bola Tinubu) شەرمەزار بوو کاتێک پێشنیارەکەی بۆ کۆکردنەوەی هێز لەپێناو دەستێوەردانی سەربازیی بۆ نیجەر لە لایەن ئەنجومەنی پیرانی نایجیریا ڕەتکرایەوە. بۆیە ڕوون نییە کە ئایا سوپای نەیجیریا بەشێک ئەبێت لەو ' هێزە ئامادەباشە‘، بەو پێیەی ئەنجومەنی پیران دەنگی دژی جێگیرکردن و دەستێوەردانی سەربازیی داوە.
ئەوەی ئەم دۆخە گاڵتەجاڕییە بە ڕوونی نیشانی ئەدات ئەوەیە کە چینی دەسەڵاتداری نەیجیریا بە دابەشبوونێکی قوڵدا تێئەپەڕێت. بەشێکیان لەوە تێگەیشتوون کە دەستێوەردانی سەربازیی لەم قۆناغەدا بژاردەیەکی باش نابێت.
هەروەها ئەوەی سەرنجڕاکێش بوو لە کۆبوونەوەکەدا، ئیکۆواس سەربەخۆ لە نەیجیریا بەیاننامەی تایبەتی خۆی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند دەستێوەردانی سەربازیی تەنها وەک دوا بژاردە چاوی لێئەکرێت. کە دەرخەر و نیشانەی دابەشبووێکی قوڵی چینە دەسەڵاتدارەکانی ناوچەکەیە.
ئەگەریی جێگیرکردن و دەستوەردانی هێزی سەربازیی بۆ سەر وڵاتی نیجەر لە خەڵکی نەیجیریایەوە گشتگیر و جێ پشتیوانی نییە ، بە تایبەتی لە لایەن توێژی گەنجانەوە. ڕۆژی شەممە لە ویلایەتی کانۆ (Kano) خۆپیشاندانی ناڕەزایەتی لە دژی هەڕەشەی دەستێوەردانی سەربازیی بەڕێوەچوو. خۆپیشاندەران ئەم دروشمانەیان ئەوتەوە : " نیجەرییەکان برای ئێمەن، نیجیرییەکان خێزانەکانمانن"، هەروەها " نیجەر هی ئێمەیە، ئێمە شەڕمان ناوێت، شەڕ دژی نیجەر نادادپەروەرییە، پیلانێکی هێزەکانی ڕۆژئاوایە".
ئەم هەستە بە تایبەتی لەو ویلایەتانەی هاوسنوورن لەگەڵ نیجەر ڕەگداکوتراو و ڕیشەدارە، خەڵکی هەردوولا پەیوەندی قووڵی ئیتنیکییان هەیە. ئەوەی چینی دەسەڵاتداری نەیجیریا بە تایبەتی لێی ئەترسێت ئەوەیە کە نەیجیریا بەهۆی دەرئەنجامی دەستێوەردانێکی سەربازییەوە، خۆی دەرگیری کاریگەرییەکانی ببێتەوە. ناڕەزایەتییەکانی ’EndSars ’ کە لە ساڵی ٢٠٢٠ دەستیان پێکرد، هێشتا لە مێشکی خەڵکی نەیجیریادا دانەمرکاوەتەوە . ئەگەری هەیە کە لە ئاستێکی باڵاتردا و لە ئەگەری دەستێوەردانی سەربازی لە وڵاتێکی دراوسێدا جارێکی تر بەجۆش بێتەوە. جگە لەمەش بوونی پرسی سەرهەڵدانی خێرای قەیرانی مرۆیی و هاتنی لێشاوی پەنابەران هەیە.
ڕێگرییەکی تر ئەوەیە کە کۆدەتاکە خۆی هەم لە نیجەر و لە سەرانسەری ناوچەکەش پشتیوانی جەماوەریی هەیە. لە لێکدانەوەی زۆربەی خەڵک، بە تایبەتی گەنجان، وەک لێدانێک لە ئیمپریالیزمی فەڕەنسی و بەرژوەندەییەکانی چاوی لێئەکرێت. ئەم هەستە بە قووڵی لە سەرانسەری ناوچەی فەرەنسفۆن لە تەوژمدایە، بە تایبەتی لە بورکینافاسۆ (Burkina Faso ) ، مالی (Mali )، گینیا (Guinea ) و سینیگال (Senegal)
نمونەیەکەی بەرچاوی ئەمەش ، ئەو خۆپیشاندانە ڕۆژانەن کە لە نێو شەقامەکانی نیامی پایتەختی نیجەر (بۆ پشتگیریی لە سەرکردەکانی کۆدەتا سازئەکرێن. یەکشەممەی ڕابردوو خۆپیشاندانێکی دەیان هەزار کەسی لە یاریگایەکی پایتەخت بەڕێوەچوو، ئەو ڕۆژەی کە وادەی دیاریکراوی تینوبو بۆ سەرکردە کۆدەتاچییەکان لە پێناو گەڕانەوەی بازوم سەرۆکی لەسەرکارلادراو بۆ سەر کورسی دەسەڵات کۆتایی پێهات.
ڕۆژنامەی ئیکۆنۆمیست لە زاری ناسیرو محمدو (Nassirou Mahamadou ) سەوزەفرۆش، لە نیامی کە تووڕەیی نیشان ئەدات لەوەی کە ئیکۆواس تەنانەت بیر لە ناردنی سەرباز بۆ نیجەر ئەکاتەوە و ڕایگەیاندووە: "ئەگەر ئەوان بێنە ئێرە، ئەوا ئێمە خەڵکانی مەدەنی (شانبەشانی )سوپا ئەچینە شەڕەوە." ئەم هەستە نمونەییە و ئەم پشتگیرییە جەماوەرییە هۆکارێکی بنەڕەتییە لە هاوکێشەکانی ئێستا. هەربۆیە ئەگەری زۆر، سیناریۆی دەستبەجێ دەستپێکردنی جۆرێک لە دانوستان و گفتوگۆیە. هەفتەی ڕابردوو ژەنەڕاڵ عەبدولڕەحمان تچیانی دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ زانایانی ئیسلامی نەیجیریا، لەڕووی پرەنسیپەوە ئامادەیی لەسەر دەستپێکردنی گفتوگۆ لەگەڵ ئیکۆواس و ڕێکەوتن دەربڕیوە.
ڕقلێبوونەوە لە ئیمپریالیزمی فەڕەنسی لەوپەڕی بەجۆشییدایە
یەکێک لە هۆکارە بنەڕەتییەکانی کە سوتەمەنی بەسەر تەواوی پرۆسەکە لە ڕۆژئاوای ئەفریکا و ساحل ئەکات، مەزاجێکی چڕی پڕ لە ڕق و توڕەیی لە دژی ئیمپریالیزمی فەڕەنسییە. بەم هۆکارەیە کە دەستێوەردانی سەربازی ڕاستەوخۆی فەڕەنسا بەدوور ئەزانرێت. لە ڕاستیدا، ئەمە توانای ئەوەی هەیە کە ئاگر بەرداتە تەواوی کیشوەری ئەفریکا. لە جیاتی ئەمە، فەڕەنسییەکان بە ئەگەرێکی زۆرەوە لە ئێستادا پێیان دروستترە کە سواری زریانەکە بن و یاری لەگەڵ کاتدا بکەن.
دوای جەنگی جیهانی دووەم، لە ڕێگەی پەیوەندییە سیاسی و ئەمنی و ئابوورییەکانەوە، فەڕەنسا پێگەی بەهێزی خۆی لەو ناوچەی ئەفریکا بە زمانی فەڕەنسی ئەپەیڤن، پاراستووە، هەم لەپێناو خزمەتکردنی بەرژەوەندیییەکانی و هەم لەپێناو پاراستنی دوا قەڵای لاوازی شکۆمەندییە ئیمپراتۆرییەکەی.
لە مانگی ئازاری ساڵی ،٢٠٠٨ جاک شیراک، سەرۆکی پێشووی فەڕەنسا ڕایگەیاند : "بەبێ ئەفریکا، فەڕەنسا بۆ ئاستی پلەی سێهەمی زلهێزە جیهانییەکان لێژ ئەبێتەوە". فرانسوا میترانیش، سەرۆکی پێشتر ڕایگەیاندبوو کە: ”بەبێ ئەفریکا، فەڕەنسا لە سەدەی بیست و یەکەمدا هیچ مێژوویەکی نابێت“.
دەرئەنجامەکانی ئەم سیاسەاتە بۆ ئەفریکا وابەستەیی کۆیلایەتی بە ئابووری فەڕەنساوە بوو؛ لەگەڵ پشتبەستن بە سوپای فەڕەنسا؛ و سیاسەتی دەرگاخستنە سەر پشت بۆ کۆمپانیا تایبەتییە فەڕەنسییەکان لەپێناو ڕاوڕووت و بەتاڵانبردنی سامانی ئەم ناوچەیە.
بەپێی ڕێکەوتنە دراوییە کۆلۆنیالییەکان بە شێوەی بنەڕەتی بۆ دەیان ساڵە، چواردە وڵاتی کیشوەرەکە لە ڕۆژئاوا و ناوەڕاستی ئەفریکا یەدەگی نیشتمانییان لە ژێر دەستی بانکی ناوەندی فەڕەنسادایە. ئەو وڵاتانە بریتین لە بێنین، بورکینافاسۆ، کەناری عاج، مالی، نیجەر، سەنیگال، تۆگۆ، کامیرۆن، کۆماری ئەفریکای ناوەند، گینیا بیساو، گینیا ئیکواتۆریەڵ، چاد، کۆنگۆ-برازاڤیل و گابۆن.
ئەنجامەنی نیشتمانیی فەڕەنسا لە مانگی ئایاری ٢٠٢٠ یاسایەکی دەرکرد، کە کۆتایی هاتنی ’franc CFA’ی پەسەند کرد و لەگەڵیدا داوای ئەو دەوڵەتانە بە دانانی یەدەگەکانیان لە بانکی فەڕەنسا. بەڵام لە پراکتیکدا هەمان پەیوەندی بەردەوامە، و ڕەخنەگرە ڕیفۆرمیستە ئەفریکییەکان ڕێکەوتنەکەیان بە شتێکی "سەمبۆلی" نەک "ڕاستەقینە" پێناسە کرد.
بەپێی خەمڵاندنەکان لە ئێستادا فەڕەنسا ساڵانە، نزیکەی ٥٠٠ ملیار دۆلار لە پارەی وڵاتانی ئەفریکا لە گەنجینەی خۆیدا هەڵئگرێت. جگە لەوەش وڵاتانی ئەفریکا دەستیان بەم پارەیە ناگات. لە ڕاستیدا فەڕەنسا وڵاتە داگیرکراوەکانی پێشووی ناچار کرد تا ٪٦٥ی یەدەگی دراوی بیانیی خۆیان بخەنە بانکی ناوەندی فەڕەنساوە، لەگەڵ ٪٢٠ی تر بۆ ئیلتزاماتی دارایی بانکیی، بەمەش تەنها توانای دەستڕاگەیشتنیان بە ٪١٥ی ئەو پارانە هەیە. ئەگەر پێویستیان بە زیاتر لەو بڕە بێت، ئەوا ئەبێت پارەی خۆیان بە 'نرخێکی بازرگانیی' لە فەڕەنسا خۆی قەرز بکەن.
مشەخۆرێکی خنکێنەر
فەڕەنسا پێش هەموو وڵاتانی تر بە پلەی یەکەمین مافی کڕینی هەر سامانێکی سروشتی هەبووە کە لە خاکی کۆلۆنیەکانی پێشوویاندا بدۆزرێنەوە. واتە دانانی ئیمتیازاتی پلە یەک بە بەرژەوەندی و کۆمپانیاکانی فەڕەنسا لە بواری فرۆشیی گشتیدا.
فەڕەنسا مافی تایبەتی خۆی لەپێناو دابینکردنی ئامێری سەربازی و مەشقکردن بە سوپای ئەفریکا بە جێگیرکردنی سەرباز و دەستوەردان لە وڵاتانی ئەفریکا بۆ بەرگریکردن لە بەرژەوەندییەکانی فەڕەنسا، پاراستووە. وە ئەم وڵاتانە ناچار بوون لە هەموو بارودۆخەکانی شەڕ یان قەیراندا، تەنها لەگەڵ فەڕەنسا هاوپەیمان بن.
لە ماوەی ٧٠ ساڵی ڕابردوودا فەڕەنسا لە ڕێگەی ڕێوشوێنی ئابوورییەوە، بە کردەوەی نهێنی و شاراوە،و دەیان دەستێوەردانی سەربازی لێرەو لەوێ، بەرژەوەندییەکانی خۆی لە ئەفریکا پاراستووە. فەڕەنسا لە ساڵانی ڕابردوودا لە چەندین دۆخی جیاوازدا دەستوەردانی لە ئەفریکای سەب-سەحارا کردووە، جگە لە بەکارهێنانی ئۆپەراسیۆنی هەواڵگریی، چاودێریی و هەڵمەتی سەربازیی و نیمچە هەمیشەیی کە لە ژماردن نایەن.
فەڕەنسییەکان بە دزینی زێڕ و ئەڵماس و سەرچاوە سروشتییەکانی تر، لە کۆیلەکردن و کۆلۆنیکردن و تاڵانکردنی ئەو ناوچەی بە زمانی فەڕەنسی دەپەیڤن، هەردەم لە هێڵی پێشەوە بوون. بە کورتی،فەڕەنسا تەمەنێکە ئەفریکای تا ڕاددەی وشکبوون دادۆشیوە.
مشەخۆر و لیتاوێکی خنکێنەری سەر ناوچەکە بووە. ئەمەش تا ڕادەیەکی زۆر بووەتە هۆی پەرەسەندنی ئەو ناڕەزایەتییانەی کە بەهۆی دەستێوەردانی سیاسی و دەستێوەردانە چەکدارییەکانییەوە لە دژی دروستبوون. هەروەها ئەمەش هۆکاری بڵاوبوونەوەی زنجیرەی کۆدەتاکانی ئەم دواییە لە ناوچەکە، لە لایەن چینێک لە ئەفسەرانی سەربازییەوە، ڕوون ئەکاتەوە.
دۆخێکی پڕ لە تەقینەوە
هەموو ئەمانە بە تێپەڕبوونی کات دۆخێکی تەقینەوەیان لەو کۆمەڵگایانە دروستکردووە. هیچ سەیرنییە لەوەی کە فەڕەنسییەکان هێند ناپەسەند بن. سەرۆک و وەزیرەکان کاتێک سەردانی کۆلۆنیەکانی پێشووی فەڕەنسا ئەکەن لە ئەفریکا، بە خۆپیشاندانی ناڕەزایەتیەوە پێشوازییان لێئەکرێت.
پرۆسەی ڕادیکاڵبوون لە ڕۆژئاوای ئەفریکا لە دوای شۆڕشەکانی عەرەبی لە ساڵانی ٢٠١٥-٢٠١٠دا وەرچەرخانێکی چۆنایەتی بەخۆیەوە بینیوە. لە نەیجیریا بزووتنەوەی داگیرکردنی ئۆکیوپای نەیجیریا (Occupy Nigeria )مان چاو لێبوو کە ڕاستەوخۆ لە شۆڕشی میسرەوە ئیلهامی وەرگرتبوو. لە ساڵی ٢٠١٢دا بزووتنەوەیەک بۆ لابردنی عەبدوڵا وەید (Wade Abdullah ) لە سەنیگال سەریهەڵدا، لە ساڵی ٢٠١٤ بزووتنەوەیەکی شۆڕشگێڕانە سەریهەڵدا. کە بلیز کۆمپارۆری (Blaise Compaorré ) لە تەختی دەسەڵاتی بورکینافاسۆ دوورخستەوە. پاشان لە تۆگۆ و گابۆن بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانە سەریان هەڵدا.
لەسەرووی ئەمەشەوە فەڕەنسا پاڵپشتییەکی زۆری لە دەستێوەردانی ناتۆ لە لیبیا دژی موعەمەر قەزافی کرد. ئەمەش وەرچەرخانێکی تر بوو لە دۆخەکەدا. ئامانج لەم دەستێوەردانە، بێگومان بڕین و لێدانی شۆڕشی عەرەبی بوو. بەڵام دەرئەنجامەکەی ناسەقامگیری ڕۆژئاوای ئەفریکا و ساحلی لێکەوتەوە. جیهادیەکان لە لیبیاوە ڕوویان لە ساحل و ڕۆژئاوای ئەفریکا کرد و ناتۆ و ئیمپریالیزمی فەڕەنسی بەدوایدا هاتنە ناوەوە، ئەم کردەوە ئیمپریالیستانە هێندەی تر سووتەمەنی زیاتریان بەسەر ئاگری گەشەسەندووی مەزاجێکی شۆڕشگێڕانە لە ناوچەکەدا کرد.
لە بورکینافاسۆ چووەتە قۆناغێکی شۆڕشگێڕییەوە، وبووە هۆکاری دروستبوونی مەزاجێکی یاخیگەریی، چونکە جەماوەر لە بەرپەرچدانەوەیاندا خۆیان چەکدار کرد.
لە مانگی سێپتەمبەر (ئەیلول)ی ساڵی ٢٠٢٢ دەستپێشخەرییەک بۆ دامەزراندنی ٥٠ هەزار هێزی خۆبەخشی بەرگری مەدەنی لەپێناو بەرەنگاربوونەوەی جیهادییەکان دەستیپێکرد. دۆخەکە گەیشتە حاڵەتێکی مەترسیدار بۆ چینی دەسەڵاتدار. ئەفسەرە بچووکەکان لەم وڵاتانەدا کە نوێنەرایەتی بارۆمەترێکی هەستیاری باری دەروونی گشتیی ئەکەن، بڕیاریان دا بجوڵێن.
ئەوەی لێرەدا زۆر ڕوونە ئەوەیە کە ئیمپریالیزمی فەرەنسی هەژموونی خۆی بەسەر ڕۆژئاوای ئەفریکا لەدەست ئەدات. کۆدەتاکەی نیجەر گورزێکە لە ئیمپریالیزمی ڕۆژئاوا. نیجەر یاریزانێکی سەرەکی بوو لە ستراتیژی ئەمریکا و فەڕەنسا لە ئەفریکا.
محەمەد بازوم هاوپەیمانێکی سەرەکی ڕۆژئاوا بوو. لە سەردەمی ئەودا وڵات بە ڕواڵەت جێگایەکی هێمن لە ناوچەیەکی قووڵی ناسەقامگیردا بوو. فەڕەنسا نزیکەی هەزار و ٥٠٠ سەربازی لە نیجەر جێگیر کردووە و زۆربەیان لە دوای دەرکردنی زەلیلانەیان لە مالی ڕوویان کردبووە نیجەر. ئەم هاوپەیمانێتییە ئاشکرایەی محمد بازوم لەگەڵ ڕۆژئاوا لە لایەن جەماوەری نیجەرەوە بە قووڵی جێگای توڕەیی و ناڕەزایەتی بوو، هەر ئەمەشە بەرینایی ئەو پشتیوانییە جەماوەرییەی کە سەرکردەکانی کۆدەتا لێی بەهرەمەندن، ڕوون دەکاتەوە.
ئێستا نیجەر بووە بە دوایین ئەڵقەی زنجیرەیەک کۆدەتا هەژمارئەکرێت کە ناوچەی ساحلی هەژاندووە. هەموو ئەم کۆدەتایانە ڕاستەوخۆ دژی بەرژەوەندی ئیمپریالیزمی فەرەنسی و ڕۆژئاوان. بورکینا فاسۆ لە ساڵی ٢٠٢٢دا داوای ڕۆیشتنی سەرجەم سەربازانی فەرەنسی کرد، مالی لە ساڵی ٢٠٢٢دا ٢٤٠٠ سەربازی فەرەنسی دەرکرد.
هەروەها ئەبێت ئاماژە بەوەش بکەین کە زیاتر لە ٪٦٠ ی دانیشتوانی تەواوی کیشوەری ئەفریکا تەمەنیان لە خوار ٢٥ ساڵەوەیە. کە کردوویەتییە خاوەن گەنجترین کیشوەری جیهان. هەر یەکێک لە ١٠ خاوەن گەنجترین وڵاتەکانی جیهان بەپێی تەمەنی مامناوەند لە کیشوەری ئەفریکادایە، لە نێویاندا نیجەر لە پلەی یەکەمدایە ، و تەمەنی مامناوەندی 14.8 ساڵە. ئەوەی ئێمە چاومان لێیە پرۆسەیەکی قووڵبوونەوەی ڕادیکاڵیزەبوونە، پرۆسەیەک باڵی بەسەر تەواوی کیشوەری ئەفریکادا کێشاوە.
سەرچاوە: لە بەرگری مارکسیزمدا